Skip to the content

لە مەراسیمێکدا سەرۆکى فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکان دەستبەکار بوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمرۆ یەک شەممە 2021/2/21 لە هۆڵى فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکان و بە ئامادەبوونى د. ئومێد سەباح سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران و ژمارەیەک بەرپرس و فەرمانبەرانى حکومیى، بارزان ئەکرەم مەنتک وەک سەرۆکى فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکان دەستبەکاربوو.

لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونى د. ئومێد سەباح سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران و ئەکرەم محەمەد جەمۆ سەرۆکى پێشووى فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکان و شوان مەحمود جێگرى سەرۆکى فەرمانگە و ساناو فەریدون جوانڕۆیى سەرۆکى فەرمانگەى کارگێڕى و دارایى ئەنجومەنى وەزیران و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانى ئەنجومەنى وەزیران ئامادەبوون، بەڕێز سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران وتەیەکى پێشکەشکرد و ئاماژەى بە ئاڵوگۆڕى پۆستە پلە باڵاکان کرد و بە زەڕوڕەتى وەسفکرد بۆ نوێبوونەوەى ڕۆحیەتى کارکردن و خزمەتى گشتى و لەلایەن خۆیەوە سوپاسى ئەکرەم جەمۆى کرد کە وەک سەرۆکى فەرمانگە لە ماوەى ساڵانى ڕابردوودا خزمەتى فەرمانگە و رێکخراوەکانى کردووە و توانیویەتى هەنگاوى باش ببڕێت و ئەمەش سەرەڕاى هەبوونى کۆمەڵێک قەیران، بەڵام ئەرکى خۆیان بەباشی جێبەجێ کردووە.

سەرۆکى دیوان گوتیشی حکومەتى هەرێم تموحى زیاترى بۆ فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکان هەیە و دەخوازێت کارى نمونەیى و بەرەوپێشچوونى زیاتر بەخۆیەوە ببینێت و حکومەتى هەرێم پشتیوانى ئەم فەرمانگەیە و رێکخراوەکان دەکات و دەخوازین لە داهاتوودا رێکخراوەکان لە چەندایەتیەوە بەرەو چۆنایەتى و کوالێتى قۆناغ ببڕن.

دواتر ئەکرەم محەمەد جەمۆ وەک سەرۆکى پێشووى فەرمانگە سوپاسی فەرمانبەران و بەڕێوەبەرانى فەرمانگەى کرد کە لەماوەى ڕابردوودا تێکۆشاون بۆ خزمەتکردنى ئەم فەرمانگەیە و ئەرکى خۆیان بەجێهێناوە و ستایشی یەکە بەیەکەى فەمانبەران و بەڕێوەبەران و جێگرى سەرۆکى فەرمانگەى کرد و هیواى سەرکەوتن و ئامانجى باشی بۆ سەرۆکى نوێ فەرمانگە خواست و ئامادەیى پاڵپشتى بۆ سەرۆکى نوێ دەربڕی.

لەلایەن خۆیەوە بارزان ئەکرەم مەنتک وەک سەرۆکى نوێ فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکان ڕایگەیاند کە دەستبەکاردەبێت بۆ خزمەتکردن و درێژەدان بەو خزمەتەى کە لەڕابردوودا هەنگاوى بۆ نراوە و حکومەتى هەرێم لەڕێگەى کارنامەى کابینەى نۆیەم ئامانجى بۆ داناوە و ئێمەش جددیتر و پاڵپشت بە یاسا کارپێکراوەکان هەنگاوى نوێ دەنێن بۆ بەرەوپێشبردنى سیستمەکانى کارکردن و خزمەتکردنى رێکخراوەکان، گوتیشی ئێمە بە ڕۆحیەتى کارکردنى تیمەوە هەوڵ و کۆشش دەکەین تا لەڕێگەى ئەم فەرمانگەیەوە خزمەتێک بە گەلی کوردستان بکەین.

فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکان بەپێى یاساى ژماە یەکى ساڵى 2011 و پاڵپشت بە پەیڕەوى ژمارە 4 ساڵى 2011 دامەزراوە و لە کابینەى حەفتەمى حکومەتى هەرێم دەستى بەکارەکانى کردووە، و بارزان ئەکرەم مەنتک وەک سێیەمین سەرۆکى ئەم فەرمانگەیە لە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێم دەستبەکاربوو.