Skip to the content

پڕۆژەى ئەکادیمیاى کۆمەڵگەى مەدەنى بەهاوبەشى فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکان بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە ‏08‏/02‏/2021 پڕۆژەى ئەکادیمیاى کۆمەڵگەى مەدەنى بەڕێوەچوو کە پڕۆژەیەکى هاوبەشى نێوان فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکان و رێکخراوى گەشەپێدانى ستراتیژى بەردەوام و epic دەستەبەرکردنى ئاشتى ناوەندى عێراق، تێیدا ڕاهێنان بە کۆمەڵێک چالاکوانى کۆمەڵى مەدەنى کرا.

لەسەرتادا سوهاد تاڵەبانى لە وتەى بەخێرهاتندا رێکخراوى گەشەپێدانى ستراتیژى بەردەوامى (SDO) بە ئامادەبووان ناساند و گوتى ئێمە رێکخراوێکى مەدەنى قازانج نەویستى خۆبەخشى ناحکومیین کاردەکەین لەپێناو گەشەپێدانى ستراتیژى تواناى تاکەکان و بەرزکردنەوەى ئاستى کۆمەڵگەى کوردستانى، گوتى ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە خولێکى یەک ڕۆژە بۆ ڕاهێنانى چالاکوانانى مەدەنى بۆ شێوازەکانى ئامادەکردنى ڕاپۆرت بۆ رێکخراوەکان بەپێى ستانداردى نێودەوڵەتى و لەلایەن رێکخراوى epic ى نێودەوڵەتییەوە پاڵپشتى دارایى کراوە و ڕاهێنەرى نێودەوڵەتى لە وڵاتى ئوردنەوە بۆی ئامادەکراوە و پاکێجەکانى لە ئاستێکدى بەرزدان و گوتیشى (SDO) لە پڕۆژەکانى بەردەوام دەبێت و لە کۆتاییدا سوپاسى فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکانى کرد بۆ پێشکەشکردنى ئاسانکارى و پاڵپشتى مەعنەوى بۆ رێکخراوەکەیان و سەرجەم رێکخراوەکانى تر.

لە دەستپێکى پڕۆژەکەدا لەلایەن ئەکرەم محەمەد جەمۆ سەرۆکى فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکان وتەیەک پێشکەشکرا و ڕایگەیاند کە حکومەتى هەرێمى کوردستان لەڕێگەى فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکانەوە هاوبەشى لەگەڵ رێکخراوەکان دەکات بۆ پێشخستنى کۆمەڵگە و بەتایبەت ئەو بوارانەى کە بازنەى هاوبەشن لەنێوان حکومەت و رێکخراوەکان و گوتیشى رێکخراوەکان تەواوکار و هاوبەشى حکومەتن و ئەو تەواکارییەش دەبێت لەسەر بنەماى گەشەپێدان و پەرەپێدان و چاکسازى و پڕکردنەوەى کەموکوڕییەکان و گەیاندنى خزمەتگوزارییەکان دەبێت.

لە بەشێکى تردا تیشکى خستەسەر یاساى رێکخراوە ناحکومییەکان کە بۆتە هۆکارێکى باش بۆ بەرجەستەکردنى زەمینەیەکى لەبار بۆ کارى رێکخراوەیى و گوتى رێکخراوە ناوخۆییەکان لەکوردستاندا دەتوانن هاوبەشى لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بکەن و سەرچاوەى دارایى بۆ پڕۆژە و چالاکییەکانیان دابین بکەن و کەموکوڕی و پێداویستییەکانى کۆمەڵگە پڕبکەنەوە.

سەرۆکى فەرمانگە لەبارەى چالاکى رێکخراوەکانەوە گوتى ژمارەیەکى زۆر لە رێکخراوەکان توانیویانە ببنە پردێک لەنێوان هاونیشتیمانیان و دەسەڵاتە گشتییەکان و بەتایبەت لە سێکتەرى مرۆیى و بەهاناوەچوون و خزمەتگوزارییە جیاوازەکان، گوتیشى رێکخراوەکان و چالاکوانان پێویستە بازنەى کارکردنیان فراوانتربکەن و چاوەڕێ دەکەین رێکخراوەکان گۆڕانکارى ڕیشەیى و ستراتیژى لە کۆمەڵگەدا دروستبکەن و فەلسەفەى کارى رێکخراوەیى و مەدەنیبوون بەرجەستە بکەن.

لە کۆتاییدا تیشکى خستەسەر کارى خۆبەخشى کۆمەڵگەیى و گوتى هەموومان دەتوانین لە بازنەیەکدا خۆبەخش بین و کارى خۆبەخشى ئەنجامبدەین و تا ئەوکاتەى خۆبەخشى دەبێتە کەلتوور و یاسایەکى پێشکەوتوو دەتوانێت هەلی باش بڕەخسێنێت بۆ بەکەلتوورکردنى کارى خۆبەخشى و رێکخراوەکان دەتوانن ببنە دوانگەیەکى گونجاو بۆ کارى خۆبەخشى تا لەڕێگەیەوە پێداویستییەکانى کۆمەڵگە پڕبکرێتەوە و ئەزموون و زانیارى بۆ گەنجان دروستببێت ، لە کۆتاییدا هیواى سەرکەوتنى بۆ رێکخراوەکان خواست و ئامادەیى فەرمانگەى دەربڕى بۆ پشتگیرى کارى رێکخراوەکان و ئاسانکارى بۆ کاری رێکخراوەیى.

پڕۆژەى ئەکادیمیاى کۆمەڵگەى مەدەنى بریتیە لە ڕاهێنانى کۆمەڵێک چالاکوانى کۆمەڵگەى مەدەنى بۆ چۆنیەتى ئامادەکردن و نوسینى ڕاپۆرت بەپێى بنەما نێودەوڵەتییەکان و لەلایەن رێکخراوى (SDO) رێکخراوە و لەلایەن رێکخراوى epic پاڵپشتى دارایى کراوە و بە هاوبەشى لەگەڵ فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکان جێبەجێدەکرێت.