شاندێکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢٠٢١/٦/١٦ شاندێکی فەرمیی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان بە سەرۆکایەتی (بارزان ئەکرەم مەنتک) سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان سەردانی پەرلەمانی کوردستانیان کرد و لەگەڵ ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان لە (لیژنەی ڕۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش و لاوان) کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر چەند پرسێک کرد لەوانە: میکانیزمی تۆمارکردنی ڕێکخراوە ناحکومییەکان، تاوتوێکردنی کێشە و گرفتەکانی بەردەم کاری رێکخراوەیی لە هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتی دارایی ڕێکخراوەکان، هەماهەنگی نێوان فەرمانگە و دامەزراوەکانی تری حکومەت سەبارەت بە تۆمارکردنی ڕێکخراوەکان، هەماهەنگی و دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان لە بەغدا سەبارەت بەو گیروگرفتانەی کە دێنە بەردەم کاروباری رێکخراوە کوردستانیەکان لە بەغدا.
لە کۆتاییدا ئەندامانی لیژنە پاڵپشتی خۆیان بۆ فەرمانگە دووپات کردەوە سەبارەت بە کار و پلانەکان لە ڕێکخستنەوە و بەرەوپێشبردنی کاروباری فەرمانگە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.