بە بەشدارى سەرۆکى فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان، مەراسیمى کۆتایى خولێکى ڕاهێنانى تایبەت بەڕێوەچوو
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ٢٠٢١/٣/١٦ لە بارەگاى سەنتەری تەکنەلۆجیاو و راهێنانی ئەوروپی (ETTC) مەراسیمى کۆتاییهێنان بە خولێکى تایبەت بە (پرۆتۆکۆل، ئەتەکێت، زمانی جەستە) بەڕێوەچوو، کە خولەکە بۆ ژمارەیەک لە فەرمانبەرانى پلەباڵاى میری رێکخرابوو. مەراسیمەکە بە بەشدارى پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو و بارزان ئەکرەم مەنتک، سەرۆکى فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکان بەڕێوەچوو، کە تێیدا وتەیەکى پێشکەش کرد و تیشکى خستەسەر گرنگى کارى رێکخراوەیى لە کوردستان و ڕۆڵ و کاریگەرى رێکخراوەکان لە پرۆسە جیاوازەکانى حوکمڕانى و کارى مەدەنى، ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو چالاکییانەى کە (ETTC) لە کوردستان ئەنجامى دەدات جێگەى دەستخۆشى و پێزانینە. لە بەشێکیترى وتەکەیدا سەرۆکى فەرمانگە ڕایگەیاند، کە فەرمانگەى رێکخراوە ناحکومییەکان بە گرنگییەوە دەڕوانێتە ئەو چالاکییە مەدەنییانەى کە یەکدەگرنەوە لەگەڵ ئامانجەکانى حکومەت و بەرنامەى کارى ئەم کابینەیە، کە خۆیان دەبیننەوە لە بەرەنگاربوونەوەى ڕۆتین لە دامودەزگاکانی حکومەت و بەئەلیکترۆنیکردنی خزمەتگوزارییەکان و ڕێگریکردن لە گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی و ڕەخساندنی هەلی کار.