سەرۆکى فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان، سەردانێكی مەیدانی بۆ چەند ڕێكخراوێك ئەنجام دا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ٢٠٢١/٣/١٦ بارزان ئەکرەم مەنتک، سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکان، لە سەردانێکی مەیدانی و بێئاگادارکردنەوەی پێشوەختە، لە شارى هەولێر هەردوو ڕێکخراوی (کەوثەر بۆ ڕوقیەی شەرعی و رێکخراوى ماڵی ئارام)ی بەسەرکردەوە.
بە مەبەستی ئاگاداربوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچووونی چالاکى و کارى رێکخراوەکان، سەرۆکى فەرمانگە لە بارەگاى رێکخراوى کەوثەر بۆ ڕوقیەى شەرعى بەسەرکردەوە و لەگەڵ سەرۆکى رێکخراوەکە کۆبونەوەیەکى ئەنجامدا و تێیدا تاوتوێى چۆنییەتى بەڕێوەچوونى کار و چالاکییەکانى رێکخراوەکە کرا. لە هەمان ڕۆژدا سەرۆکى فەرمانگە لە شارى هەولێر سەردانى رێکخراوى ماڵى ئارام-ى کرد و چاوى کەوت بە سوودمەندانى پڕۆژەى رێکخراوەکە، کە ئامانجى رێکخراوەکە بریتییە لە چاودێریکردنى کەسانى خاوەن پێداویستى تایبەت و بێنەوایان و، لەهەمانکاتدا سەردانى باڵەخانەى تازەی رێکخراوەکەیان کرد کە لەقۆناغی کۆتایی دروستکردنیدایە و توانای لەخۆگرتنی سوودمەندانی زیاتری هەیە.
شیاوی ئاماژەیە سەرۆکى فەرمانگە لە میانەى بەسەرکردنەوەکاندا ئامادەیى فەرمانگەى خستەڕوو بۆ هاوکاریکردنى رێکخراوەکان لە سنوورى تواناکان و لە چوارچێوەى یاسادا.