سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکوومییەکان: نەهێشتنی گەندەڵی لە پێشینەی کارەکانی ئەم کابینەیەیە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی دووشهممە ٢٤/٥/٢٠٢١، بارزان ئەکرەم مەنتک سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکوومییەکان وەک نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەشداری مەراسیمی دەستپێکردنی پڕۆژەی "برەودان بە دادپەروەری بۆ نەهێشتنی گەندەڵی لە عێراق" کرد کە نەتەوە یەکگرتووەکان بە هاوبەشی پڕۆگرامی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان ـ UNDP و نێردەی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق ئەنجامی دەدات.
مەراسیمەکە بە بەشداری نوێنەری چەندین دامەزراوەی عێراقی و کوردستانی وەک دادگای فیدراڵی و دەستەی نەزاهە و دەسەڵاتی یاسادانان و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە بەغدا بەڕێوە چوو و ئامانج لە پڕۆژەکەش بریتییە لە پێشکەشکردنی ستراتیژییەتی یاسایی بۆ نەهێشتنی گەندەڵی و بەهێزکردنی دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن لەو بوارەدا.
سەرۆکی فەرمانگەی ڕێكخراوه ناحكوومییهكان لە وتارێکدا پێداگرى لەوە کردەوە "بابەتی نەهێشتنی گەندەڵی لە دامودەزگهکانی حکوومەت لە پێشینەی کارەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و هەوڵەکانی حکوومەتی دووپات کردەوە کە بە مەبەستی ڕێگرتن لە گەندەڵی گیراونەتەبهر و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئامامادەى بەشداریكردنی چالاکانه لەم بوارە".