Skip to the content

فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومیەکان کۆتایی هێنا بە وۆرکشۆپێکی دوو رۆژە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە رێکەوتی ٢٠ ی مایسی ٢٠٢١، فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومیەکان بە هاوکاری رێکخراوی USAID کۆتاییان هێنا بە وۆرکشۆپێکی دوو رۆژە بۆ بەشێک لە کارمەندانی فەرمانگە.
بیرۆکەی وۆرکشۆپەکە لەسەر پێشنیاری فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومیەکان بووە وهاوتا بووە لەگەڵ بەشێک لە پرۆژەی حکومرانی بۆ کارامەیی وبەرپرسیاریەتی لە عیراق کە رێکخراوی ناوبراو پێی هەڵساوە.
لە نیوەی یەکەمی رۆژی یەکەمی وۆرکشۆپەکە، (بارزان ئەکرەم مەنتک) سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومیەکان چەند بابەتێکی گرنگی بۆ بەشداربوان روونکردەوە کە بریتی بوون لە: پوختەیەکی مێژوویی دەربارەی کاری رێکخراوەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، ئەرک و بەرپرسیاریەتی فەرمانبەری کەرتی گشتی لەڕوانگەی یاساوە، رۆڵ و گرنگی رێکخراوە ناحکومیەکان لە هاوکاری حکومەت، روونکردنەوەی یاسای ژمارە (١) ی ساڵی ٢٠١١ ی تایبەت بە رێکخراوە ناحکومیەکان، روونکردنەوەی هەندێک ماددەی پەیرەوی ژمارە (٤) ی ساڵی ٢٠١١.
هەر لە رۆژی یەکەم، بەشی دووەم، (عامر عبداللە) بەڕیوەبەری بەدواداچوون لە فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومیەکان درێژەی بە وۆرکشۆپەکە داو چەندین بابەتی گرنگی تاوتوێ کرد لەوانە: پرۆژەی پێشنیار کراو، شێوازی نووسینی راپۆرتی دارایی، میکانیزمی وەرگرتنی راپۆرتی دارایی لە رێکخراوە ناحکومیەکان.
رۆژی دووەمی وۆرکشۆپەش لەلایەن (عبدالقادر احمد)، ژمێریاری پێشکەوتوو لە دیوانی چاودێری دارایی پێشکەشکرا کە تایبەت بوو بە ووردەکاری نێو ڕاپۆرتی دارایی و ئەو کێشە و کەم وکوڕیانەی کە هەیە لە شێوازی نووسینی راپۆرتی دارایی. وە لە کۆتایی رۆژی دووەم کۆمەڵێک پێشنیار وڕاسپاردە خرانەڕوو بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان وباشترکردنی ئەدای فەرمانگە رێکخراوە ناحکومیەکان وکەمکردنەوەی ڕۆتین لەپێناو پێشکەشکردنی خزمەتی باشتر وزیاتری رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.