فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لەگەڵ بەشێک لە ڕێکخراوەکانی سێکتەری خانمان و منداڵان کۆبوویەوە
![](/media/10318/275229893_325678509603230_2803684192004122038_n.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=132907856120000000)
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٠٢٢/٣/٢ فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان کۆبوونەیەکی ئەنجامدا لەگەڵ بەشێک لە ڕێکخراوەکانی سێکتەری خانمان و منداڵان بە ئامادەبوونی بارزان ئەکرەم مەنتک سەرۆکی فەرمانگە و دکتۆرە خانزاد سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای خانمان و ژمارەیەک لە سەرۆک و نوێنەری ڕێکخراوەکانی سێکتەری خانمان و منداڵان.
ئەمه کۆبوونەوەی دووەمی فەرمانگەیە لەگەڵ ڕێکخراوەکانی سێکتەری خانمان، دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو لە ڕێکەوتی ٢٠٢١/١٠/٢١ کۆبوونەوەی یەکەم ئەنجامدرا، کەتیایدا بۆردێکی تایبەت بە ڕێکخراوەکانی ئەم سێکتەرە دروستکرا کە مەبەست لێی دروستکردنی هەماهەنگییە لە نێوان فەرمانگە و ڕێکخراوەکان و دامودەزگاکانی حکومەت.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی فەرمانگە تیشکی خستە سەر ئەو کارانەی کە فەرمانگە ئەنجامی داوە لەسەر بنەمای پێشنیارەکانی ڕێکخراوەکان لە کۆبوونەوەی یەکەم. وە شێوازی کارکردنی فەرمانگە و دابینکردنی پڕۆژە بۆ ڕێکخراوەکان و گرنگی پابەندبوونی ڕێکخراوەکان بە بڕگە یاساییەکان و ڕۆڵ و گرنگی ڕێکخراوەکانی سێکتەری خانمان و منداڵانی ڕوونکردەوە.
دوای ئەوەش دکتۆرە خانزاد ئەرک و بەرپرسیاریەتی و ڕۆڵی ئەنجوومەنی باڵای خانمانی بۆ ئامادەبووان ڕوونکردەوە، لەگەڵ ئاماژە کردن بە شێوازی کارکردنی ئەنجوومەن و ئەو ئاستەنگ و ئاڵنگارییانەی کە دێنە بەردەمیان و هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنیان.