Skip to the content

فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان دیداری "بەرەو ژیانەوە"ــی سازکرد

ڕۆژی یەکشەممە ٢١ــى نيسانى ٢٠٢٤، فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان، دیدارێکیان بەناوی (بەرەو ژیانەوە، دەست لەناو دەست بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر)  سازکرد.

دیدارەکە تایبەت بوو بە بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاريی ئەندامانی ليژنەی باڵای بڵاوکردنەوەی هۆشیاريی گشتی و سازدانی هەڵمەتی نیشتمانيی مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر.
ليژنەکە لە نوێنەری چەندین دامەزراوەی پەیوەندیدار بە بابەتی ماددەی هۆشبەر پێکهاتووە کە ئەمانەن:
- ئەنجومەنی وەزیران.
- وەزارەتی پەروەردە.
- وەزارەتی خوێندنی باڵا.
- وەزارەتی ئەوقاف.
- وەزارەتی رۆشنبیری.
- وەزارەتی تەندروستی.
- فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان.
- فەرمانگەی میدیا و زانیاری.
- بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی ئاسایش/هەولێر.

لە دیدارەکە سەرۆکی فەرمانگە گوتەیەکی پێشکەش کرد و جەختی لەسەر گرنگيی هەماهەنگی نێوان دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەت و ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە پرسی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە له‌بارەی مەترسییەکانی ماددە هۆشبەرەکان کردەوە، وە ئامادەیيی تەواوی فەرمانگەی لەم ڕووەوە نیشان دا. 
هەر لە دیدارەکەدا، بابەتی ماددەی هۆشبەر لە چەندین تەوەری جیاوازی وەک (یاسایی، دەروونی، کۆمەڵایەتی، فسیۆلۆجی، ئەمنی) لەلایەن ڕاهێنەری پسپۆر لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان و بەڕێوەبەرایەتيی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان پێشکەش بە ئەندامانی ليژنەکە کرا، لە دواتریش گفتوگۆیەکی کراوە ئەنجام درا و چەندین ڕاسپاردە و پێشنیار بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو دیاری کران.

شایەنی باسە دیدارەکە بەشێکە لە پرۆژەی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاريی کۆمەڵگە لە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر. بۆ ئەم مەبەستەش لە ماوەی ڕابردوودا، فه‌رمانگه‌ لە پرۆژەکانی (سۆران لانکەی شۆڕش، قەڵای بەرگری، دەروازەی ڕاپەڕین) کار و چالاکيی تایبەت بەم بابەتەی ئەنجام داوە.

وە هەروەها لە دواهەمین چالاکی، بە هەماهەنگی لە نێوان ليژنەی ناوبراو و فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان و ڕێکخراوەکان، لە شەوانی قەدری مانگی ڕەمەزانی پیرۆز و لە مینبەری بەشێک لە مزگەوتەکان بابەتی تایبەت بە هۆشیاری ماددەی هۆشبەر لەلایەن ڕێکخراوی پسپۆر لەم بوارە پێشکەش کران. هەوڵەکانی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لەم بارەیەوە لە داهاتوودا بەردەوامیيان دەبێت.