Skip to the content

سەرۆکی نوێی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەست بەکار بوو

ڕۆژى دووشەممە  ١ى ته‌مووزى ٢٠٢٤، لە هۆڵى فەرمانگەى ڕێکخراوە ناحکومییەکان و بە ئامادەبوونى د. ئومێد سەباح، سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران و ستافی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان، بارزان ئەکرەم مەنتک، وەک سەرۆکى فەرمانگەى ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەستی لەکار هەڵگرت و فەلاح حەسەن، له‌ شوێنى ناوبراو دەست بەکار بوو.

لە مەراسیمێکدا سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران گوتەیەکى پێشکەش کرد و ئاماژەى بە ڕۆڵی فەرمانگە لە ماوەی سێ ساڵ و نیوی ڕابردوو کرد، وە تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ئەم فەرمانگەیە لەو ماوەیە سەرلەنوێ بنیاد نراوەتەوە و شێوەیەکی دامەزراوەیی وەرگرتووە، وە ئەو چاکسازی و خزمەتگوزارییانەی کە فەرمانگە پێشکەشی کردووە و بە دەستکەوت و چیرۆکی سەرکەوتنی حکومەتی وەسف کرد. لە بەشێکی ديكه‌ى قسەکانیدا، سەرۆکی دیوان جەختی لە گرنگی بەردەوامبوونی فەرمانگە لەسەر هەمان شێوازی کارکردن كرده‌وه‌. 

دواتر سەرۆکى پێشووى فەرمانگە، سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و سەرۆکی دیوانی کرد، بۆ پاڵپشتی و پشتیوانيی بەردەوامیان بۆ فەرمانگە، وە هەروەها سوپاسی سەرجەم بەڕێوەبەران و فەرمانبەرانى فەرمانگەى کرد، کە لە ماوەى ڕابردوودا، بەوپەڕی لەخۆبووردەیی و ماندوونەناسانە کاریان کردووە و فەرمانگەیان گەیاندۆتە ئەم قۆناغە.

لە بەشێکی تری گوتەکەیدا، سەرۆکی پێشووی فەرمانگە پوختەیەکی له‌بارەی پێشینەی کار و ئامانجەکان پێشکەش کرد، کە لە ماوەی ڕابردوو لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژيی فەرمانگە، کاری لەسەر کراوە و کارکردن تیایدا بەردەوامە. وە هیواى سەرکەوتنى بۆ سەرۆکی نوێی فەرمانگەی خواست.

دواتریش فەلاح حەسەن، وەکوو سەرۆکی نوێی فەرمانگە، تیشکی خستە سەر گرنگی کارکردن و پێشکەشکردنی خزمەت، لەسەر بنەمای دڵسۆزی و خۆشویستنی خاک و نیشتمان. وە دووپاتی کردەوە کە هەموو هەوڵی خۆی بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەت بە ڕێکخراوەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەخاتە گەڕ.

شایەنی باسە فەرمانگەى ڕێکخراوە ناحکومییەکان بەپێى یاساى ژمارە (١) ساڵى ٢٠١١ دامەزراوە. فەلاح حەسەن وەک چوارەمین سەرۆکى ئەم فەرمانگەیە دەست بەکار بوو.