Skip to the content

فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی سێکتەری پەرەپێدان، گەشەپێدانی لاوان و هەلی کار كرد

ڕۆژی دووشەممە  ٦ـى ئايارى ٢٠٢٤، فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان، لەگەڵ ڕێکخراوەکانی سێکتەری پەرەپێدان، گەشەپێدانی لاوان و هەلی کار کۆبووه‌وە.

لە کۆبوونەوەکە نوێنەرانی هەر یەک له‌ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، وەزارەتی پلاندانان، وەزارەتی خوێندنی باڵا، وەزارەتی پەروەردە، دەستەی وەبەرهێنانی هەرێم، نوێنەری فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، نوێنەری چەند ئاژانسێکی نێودەوڵەتی و ژمارەیەکی بەرچاوی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی سێکتەرەکانی ئاماژەپێکراو ئاماده‌ بوون.

کۆبوونەوەکە بە خستنەڕووی چەندین داتا و زانیاری، له‌بارەی ژمارەی ڕێکخراوەکانی ئەو سێکتەرانە و ڕێژەی چالاکییان، هەروەها کاراسانییەکانی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا دەستی پێ کرد. دواتر سەرۆکی فەرمانگە گوتەیەکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر گرنگيی پرۆسەی پەرەپێدان بە تواناکان و پێزانینی خۆی بۆ ڕۆڵی ڕێکخراوەکان لەو بوارە خستە ڕوو.
لە بەشێکی تری گوتارەکەیدا، سەرۆکی فەرمانگە داتای تایبەتی بە ژمارەی هەلی کار کە ڕێکخراوەکان لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ڕەخساندوویانە، خستەڕوو. هه‌روه‌ها جەختی لە گرنگيی هەماهەنگيی ڕێکخراوەکان لە نێوان خۆیان لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەت کردەوە، لەپێناو پێشکەشکردنی باشترین خزمەت بە کۆمەڵگە و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگەی مەدەنی.

دواتریش نوێنەری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دەستەی وەبەرهێنان، وەزارەتی پلاندان گوتەی دامەزراوەکانیان پێشکەش کرد، پاشان بوار بە ئامادەبووان درا، بۆ خستنەڕووی ڕاو سەرنج و پرسیار و تێبینییەکانیان، کە دواتر لەلایەن سەرۆکی فەرمانگە و نوێنەرانی دامەزراوە فەرمییەکان وەڵامیان درایەوە.
شایانی باسە ئەمە سێیەم کۆبوونەوەی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانە لەگەڵ ڕێکخراوەکان لەسەر بنەمای سێکتەری کارکردن لەگەڵ ڕێکخراوەکان ئەنجامی دەدات، وەکوو بەشێک لە پلانی ستراتیژيی فەرمانگە، بۆ بەهێزترکردنی هەماهەنگی لەنێوان ڕێکخراوەکان لە لایەک و ڕێکخراوەکان و دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەت لەلایەکی تر. لە داهاتووشدا فەرمانگە کۆبوونەوەی سێکتەرەکانی تریش ئەنجام دەدات.