سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان پێشوازی لە ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی فیدڕال کرد

ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە سارە ئەیاد عەلاوی، ڕاوێژکاری محەمەد شیاع سودانی، بۆ کاروباری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و شاندی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی هەماهەنگی و پێکەوکارکردن لە نێوان هەردوو فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ کردەوە.
دواتر بە شێوەیەکی مەیدانی بەڕێوەبەرایەتی و بەشە جیاوازەکانی فەرمانگە بەسەر کرایەوە.
شاندی میوان لەنزیکەوە چاویان بە ڕێکارەکانی فەرمانگە و چۆنییەتی تۆمارکردنی ڕێکخراوەکان کەوت، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی فیدڕال سەرسامیی خۆی بەرانبەر بە سیستەمی کارکردنی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی هەرێمی کوردستان نیشان دا.
لە کۆتاییدا شاندی میوان سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەربڕی، کە هەمیشە کاراسانییان بۆ تەواوی ڕێکخراوەکان کردووە، بە تایبەتی ئەو ڕێکخراوە عێراقییانەی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن.