Skip to the content

ژمارەیەک ڕێکخراوی نوێی ئەدەبیات و زمانی کوردی لە هەرێمی کوردستان تۆمار کران

لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا لە هۆڵی کوردستان لە فەرمانگەی ڕێکخراوەکانی ناحکومی، بڕوانامەی تۆمارکردن بەخشرایە ژمارەیەک ڕێکخراوی ناحکومیی نوێ.

‎زۆربەی ئەم ڕێکخراوانە لە بوارەکانی ئەدەبیات، ئەرشیفی کوردی، زمانی کوردی، بواری ژینگە، کاری مرۆیی و چەندین بواری دیکەدا دەست بەکارکردن دەکەن. بڕیاریانداوە بە شێوەیەکی خۆبەخش و قازانج نەویستانە خزمەتی گەل و هەرێمی کوردستان بکەن.

‎لە ڕێوڕەسمەکەدا، ڕێکخراوەکان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، بۆ ڕێکخستنی ئەم مەراسیمە و ڕێزگرتن لە کاری مەدەنی و خۆبەخشی لە هەرێمدا. هەروەها، سوپاسی فەرمانگەی ڕێکخراوەکانی ناحکومی لە هەرێمی کوردستانیان کرد، بۆ ئەو کارئاسانی و خزمەتگوزارییەی کە لە سەرەتاوە تا قۆناغی کۆتاییی وەرگرتنی بڕوانامەی تۆمارکردن پێشکەشیان کرابوو.

‎فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوەکانی ناحکومی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە وتارێکدا پیرۆزبایی لە ڕێکخراوە تازە تۆمارکراوەکان کرد و هیوای خواست کە شانبەشانی حکومەت هاوکار و هەماهەنگ و پاڵپشت بن، بۆ خزمەتکردنی گەل و پێشخستنی وڵاتەکەمان و گرنگیدان بە فەرهەنگ و ئەدەبیات و زمانی کوردی.