ژمارەیەک ڕێکخراوی نوێی ئەدەبیات و زمانی کوردی لە هەرێمی کوردستان تۆمار کران
لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا لە هۆڵی کوردستان لە فەرمانگەی ڕێکخراوەکانی ناحکومی، بڕوانامەی تۆمارکردن بەخشرایە ژمارەیەک ڕێکخراوی ناحکومیی نوێ.
زۆربەی ئەم ڕێکخراوانە لە بوارەکانی ئەدەبیات، ئەرشیفی کوردی، زمانی کوردی، بواری ژینگە، کاری مرۆیی و چەندین بواری دیکەدا دەست بەکارکردن دەکەن. بڕیاریانداوە بە شێوەیەکی خۆبەخش و قازانج نەویستانە خزمەتی گەل و هەرێمی کوردستان بکەن.
لە ڕێوڕەسمەکەدا، ڕێکخراوەکان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، بۆ ڕێکخستنی ئەم مەراسیمە و ڕێزگرتن لە کاری مەدەنی و خۆبەخشی لە هەرێمدا. هەروەها، سوپاسی فەرمانگەی ڕێکخراوەکانی ناحکومی لە هەرێمی کوردستانیان کرد، بۆ ئەو کارئاسانی و خزمەتگوزارییەی کە لە سەرەتاوە تا قۆناغی کۆتاییی وەرگرتنی بڕوانامەی تۆمارکردن پێشکەشیان کرابوو.
فەلاح حەسەن، سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوەکانی ناحکومی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە وتارێکدا پیرۆزبایی لە ڕێکخراوە تازە تۆمارکراوەکان کرد و هیوای خواست کە شانبەشانی حکومەت هاوکار و هەماهەنگ و پاڵپشت بن، بۆ خزمەتکردنی گەل و پێشخستنی وڵاتەکەمان و گرنگیدان بە فەرهەنگ و ئەدەبیات و زمانی کوردی.