سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری بەرگری ئیتاڵیا دەکات
• وەزیری بەرگری ئیتاڵیا: لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە بەردەوام دەبین
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئێوارەی رۆژی سێشەممە ٢٠١٩/١٢/١٧، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە لۆرێنزۆ گوێرینی، وەزیری بەرگری ئیتاڵیا و شاندێکی هاوڕێی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ له بارەی دوا پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش کرا. وەزیری بەرگری ئیتاڵیا ئاماژەی بە پەیوەندی مێژوویی نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان کرد و گوتی خۆشحاڵین بە پەیوەندی و هەماهەنگی بەهێزمان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە، ستایشی قوربانیدانەکانی پێشمەرگەش دەکەین لە شەڕی دژی تیرۆردا.
وەزیری بەرگری ئیتاڵیا گوتیشی هەڕەشەی تیرۆر لە عێراق هێشتا هەرماوە، بۆیە ئیتاڵیا وەک ئەندامێکی کارای هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕی دژی داعش، لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.
وەزیری بەرگری ئیتاڵیا راشیگەیاند کە لە مانگی داهاتوودا بەشداری و پابەندبوونمان لە شەڕی داعش و هاوکاری پێشمەرگە نوێ دەکەینەوە، چونکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هێشتا کاری زۆرمان ماوە بەیەکەوە ئەنجامی بدەین.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی هاوکارییەکانی ئیتاڵیای بۆ هێزی پێشمەرگە کرد و هیوای خواست پەیوەندی و هەماهەنگی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت.