سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی باڵیۆزخانەی هۆلەندا لە عیراق کرد
مەسرور بارزانی : هیوادارین دۆستەکانمان هاوکارمان بن لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت
ئەمڕۆ سێشەممە 30 ی تەمموزی 2019 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵیۆزخانەی هۆلەندا لە عیراق کرد بەسەرۆکایەتی باڵیۆز ماتيس وۆڵتەرز .
باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق وێڕای پیرۆزبایی لە سەرۆک وەزیران بە بۆنەی دەستبەکاربوونی کابینەی نوێ. ئاماژەی بەوە کرد کە حکومەتی هۆڵەندا پشتیوانی لە کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دەکات و وەک بەشێک لە هێزی هاوپەیمانان لە هاوکاری و راهێنانی هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت. هەروەها ئامادەیی وەبەرهێنەرانی وڵاتەکەشی دەربڕی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە بواری کشتوکاڵدا.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی باڵیۆزی هۆڵەندای کرد بۆ پشتگیرییان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان . ئاماژەشی بەوەدا کە چاوەڕوانی ئەوەمان لە دۆستەکانمان هەیە کە پشتیوانی حکومەت بن بۆ ئەنجامدانی جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت بەتایبەتی لە گەشەپێدانی ئابووری و هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی داهات کە تەنیا پشت بە تاکە سەرچاوەیەک نەبەستێت .