سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای کۆنگرێسی ئەمەریکی دەکات
• شاندی کۆنگرێسی ئەمەریکا: بەردەوام دەبین لە پشتگیرییکردنی هەرێمی کوردستان.
• مەسرور بارزانی: هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە رۆڵی ئەرێنی خۆی دەگێڕێت لە چەسپاندنی سەقامگیریی ئاشتی و ئاسایش لە عێراق و ناوچەکەدا.
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ دووشەممه ٢٠١٩/١١/٤ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای کۆنگرێسی ئەمەریکی کرد بە سەرۆکایەتی کۆنگرێسمان ئادەم سمیس.
لە کۆبوونەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئامادەیبوو، گفتوگۆ دەربارەی دۆخی عێراق و ناوچەکە کرا.
شاندێکی کۆنگرێس ئاماژەیان بەوەدا کە لە نێو کۆنگرێسی ئەمەریکادا هەموو لایەنەکان پشتیوانی زۆر لە گەلی کورد دەکەن و وەکو هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا دەیبینن. شاندەکە هەروەها جەختی لە پشتیوانیکردن لە هەرێمی کوردستان کردەوە بەتایبەتی پشتگیریکردنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەتایبەتیش کە هێشتا هەڕەشەکانی داعش کۆتاییان نەهاتووە.
دەربارەی دۆخی عێراقیش شاندی کۆنگرێس ئاماژەی بەوەدا کە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لەگەڵ عیراقێکی گەشەسەندووی سەقامگیرە. دڵنیاییشیان دا کە هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق دەمێننەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی تیرۆریستان.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی پشتیوانییەکانی کۆنگرێسی کرد و دووپاتیکردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە رۆڵی ئەرێنی خۆی دەگێڕێت لە چەسپاندنی سەقامگیریی ئاشتی و ئاسایش لە عێراق و ناوچەکەدا.