سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا کۆدەبێتەوە
• گفتوگۆکان قۆناغێکی گرنگ و پێشکەوتوویان بڕیوە و لێکتێگەیشتنی باش هەیە.
• سبەی شاندەکە بۆ درێژەدانی گفتوگۆکان دەچێتەوە بەغدا.
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠١٩/١١/٢٤ مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، لەگەڵ شاندی حکومەتی هەرێم بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا تایبەت بە پرسی نەوت و بودجەی ٢٠٢٠ کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا شاندی حکومەتی هەرێم دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی گفتوگۆی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی خستەڕوو. شاندەکە ئاماژەی بەوەدا کە گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا قوناغێکی گرنگ و پێشکەوتوویان بڕیوە و لە کەشێکی ئەرێنی بەڕێوەدەچن.
شاندەکە ئەو پرنسیپانەی خستەڕوو کە لە ئەنجامی سەردانەکە گەڵالەبوون و دەبنە بنەمایەک بۆ ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر بابەتەکانی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢٠ بە جۆرێک کە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوولا لەبەرچاو بگیرێت و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت لە بەرامبەر پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان.
شاندەکە دووپاتی کردەوە کە پرۆسەی گفتوگۆ بە ڕێنمایی و سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و هەردوولا گەیشتوونەتە لێکتێگەیشتنێکی باش لەسەر بابەتەکانی جێی گفتوگۆ و سبەی دووشەممە ٢٠١٩/١١/٢٥ بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان شاندەکە دەچێتەوە بەغدا.