سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاکان کۆدەبێتەوە
• جەخت لە سەر گرنگی رۆلی چاودێریی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە سەر دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سنووری پارێزگاکان کرایەوە.
• سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان: فەرمانبەرانی حکومەت لە سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکانەوە تا بچووکترین فەرمانبەر لە دەزگاکانی حکومەتدا، ئەرکیان خزمەتکردنی هاووڵاتیانە بە بێ جیاوازی
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠١٩/١١/١٢ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، جەخت لە سەر گرنگی رۆلی چاودێریی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە سەر دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سنووری پارێزگاکان کرایەوە. هەروەها ئاماژە بە گرنگیی رۆڵی ئەنجومەنی پارێزگاکان کرا لە چاودێریکردنی جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت بەتایبەتیش لە جێبەجێکردنی بەرنامەی چاکسازی و بەدامەزراوەییکردن و رێکخستنەوەی داهات و خەرجییەکان بە جۆرێک کە هاوسەنگی لە بەرچاو بگیرێت.
سەرۆکی حکومەت داوای لە ئەنجومەنی پارێزگاکان کرد کە هاوکاری حکومەت بن لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتی و بە ئاراستەی نەهێشتنی رووتین وئاسانکاریکردن لە راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتیان.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە کە فەرمانبەرانی حکومەت لە سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکانەوە تا بچووکترین فەرمانبەر لە دەزگاکانی حکومەتدا، ئەرکیان خزمەتکردنی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە بە بێ جیاوازی، لە هەمانکاتدا پێویستە مافەکانی فەرمانبەرانیش لە بەرچاو بگیرێت. گوتیشی پێویستە کار بکەین بۆ ئەوەی کۆمەڵگەکەمان لە بەکارهێنەرەوە بکەینە بەرهەمهێنەر.