سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی دەکات
• ئەمەریکا وەکو هاوپەیمانێکی گرنگ لە ناوچەکەدا تەماشای هەرێمی کوردستان دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠١٩/١١/٢٤ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی کرد بە سەرۆکایەتی رۆبەرت کارم راوێژکاری سەرکردەی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی سێناتی ئەمەریکا.
لە دیدارەکەدا کە بالیۆزی ئەمەریکا لە عیراق ماتیۆ تولەر ئامادەی بوو، دوایین گۆڕانکارییەکانی عیراق و ناوچەکە تاوتوێ کران. جەختیش لە بەردەوامبوونی هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرایەوە بە تایبەتی هێزی پێشمەرگە و هەماهەنگییان لە گەڵ هێزەکانی عێراق بۆ رووبەرووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش.
هەروەها شاندی میوان پشتیوانی خۆی بۆ پرۆسەی گفتوگۆی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دەربڕی و دووپاتیشی کردەوە کە ئەمەریکا، هەرێمی کوردستان وەکو هاوپەیمانێکی گرنگ لە ناوچەکەدا دەبینێت.