سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق دەکات
• سوپاسی ئەڵمانیا دەکەین بۆ درێژەپێدانی راهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە.
• پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات بۆ لە خۆگرتنی پەنابەران.
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠١٩/١٠/٢٨ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئۆلە دیل باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا کە باربارا وۆلف کونسوڵی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر ئامادەی بوو، بارودۆخی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی پەرلەمان و حکومەتی ئەڵمانیای کرد بۆ درێژکردنەوەی ماوەی ئەفسەرانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان بۆ درێژەدان بە راهێنان بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان.
لە بارەی دۆخی ئێستای عێراقیش ئاماژەی بەوەدا کە لەگەڵ داخوازیی ئاشتیخوازانە و رەوای خۆپیشاندەرانین. لە هەمانکاتدا پشتگیریيش لە هەنگاوە چاکسازییەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق عادل عەبدولمەهدی دەکەین.
هەردوولا هاوڕابوون لە سەر ئەوەی پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات بۆ لە خۆگرتنی ئەو پەنابەرانەی بە هۆی دۆخی گرژی ناوچەکە روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن.