سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای سەربازی بەریتانی دەکات
• ئاڵۆزترکردنی زیاتری دۆخی ناوچەکە لێکەوتەی نەرێنی و نەخوازراوی ئەمنی و مرۆیی لێ دەکەوێتەوە
• ستایشی پرۆسەی چاکسازیی لە دامەزراوەکانی حکومەت کرا
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠١٩/١٠/١٥ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای سەربازی بەریتانی کرد بە سەرۆکایەتی سێر جۆن لۆریمەر ڕاوێژکاری باڵای سەربازی بەریتانیا لە ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا.
لە دیدارەکەدا کە جەیمس سۆرنتن کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەولێر ئامادەبوو. بارودۆخ و پەرەسەندنەکانی گۆڕەپانی عێراق و سوریا تاوتوێ کرا. جەخت لەوە کرایەوە کە شەڕ و تووندوتیژی لە بەرژەوەندی هیچ لایەکدا نییە و پێویستە بە گفتوگۆ کێشەکان چارەسەر بکرێن. هەروەها ئاماژە بەوە درا کە ئاڵۆزترکردنی زیاتری دۆخی ناوچەکە لێکەوتەی نەرێنی و نەخوازراوی ئەمنی و مرۆیی لێ دەکەوێتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها گفتوگۆ دەربارەی گۆڕانکارییەکانی عێراقیش کرا و جەخت لە چارەسەرکردنی بنەڕەتیانەی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرایەوە چونکە لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی عێراقدایە.
شاندی میوان ستایشی هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی لە دامودەزگاکانی حکومەتدا بە تایبەتی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا.