سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی چەند پڕۆژەیەکی لە دهۆک دانا
• مەسرور بارزانی: رەزامەندیمان لە سەر تەرخانکردنی پێنجسەد ملیار دینار داوە بۆ ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەکی گرنگ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا
دهۆک، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠١٩/١٠/١٧ بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی پڕۆژەی ئەندەرپاسەکانی شەقامی بارزان لە شاری دھۆک دانرا.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێورەسمی دەستپێکی پڕۆژەکەدا گووتارێکی پێشکەش کردن و ئاماژەی بەوەدا کە یەکێک لە ئەرکە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگیدانە بە گەشەپێدانی ئابووری و لەم چوارچێوەیەشدا هەبوونی ژێرخانێکی ئابووری لەوانەش رێگاوبان زۆر گرنگن بۆ پەرەپێدانی زیاتر لە بواری ئابووریدا.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها گوتی ”ئێمە خواستی زۆرمان هەیە بۆ گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان و پێشخستنی ژێرخان و سەرخانی ئابووری. لەم چوارچێوەیەشدا رەزامەندیمان لە سەر تەرخانکردنی پێنجسەد ملیار دینار داوە بە چەند قۆناخێک بۆ ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەکی گرنگ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا کە کۆی گشتیان زیاتر لە دووسەد پڕۆژە دەبێت لەوانە پرۆژەی ستراتیجی وەک رێگاوبانی نێوان شارەکان، هەروەها چەند سایلۆ و قوتابخانە و هێڵی کارەبا. “
وتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆ لێرە لەگەڵ ئێوەی بەڕێز لە شاری دهۆکی خۆشەویست بەشدارم لە دانانی بەردی بناغە و دەستپێکردنی چەند پرۆژەیەکی گرنگ و ستراتیجی وەک پرد و رێگاوبان.
هیوادارم ئەمە ببێتە دەستپێکی کردنەوەی پڕۆژەی زیاتر لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان.
ئامادەبووانی بەڕێز...
یەکێک لە ئەرکە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگیدانە بە گەشەپێدانی ئابووری و لەم چوارچێوەیەشدا هەبوونی ژێرخانێکی ئابووری لەوانەش رێگاوبان زۆر گرنگن بۆ پەرەپێدانی زیاتر لە بواری ئابووریدا.
هەربۆیەش ئەمجۆرە پڕۆژانە زۆر گرنگ و پێویستن و ئاسانکارییەکی زۆریش بۆ هاووڵاتیانمان دەکات لە بواری هاتوچۆ و ئاڵوگۆڕی بازرگانیدا.
ئێمە خواستی زۆرمان هەیە بۆ گەشەپێدانی هەرێمی کوردستان و پێشخستنی ژێرخان و سەرخانی ئابووری. لەم چوارچێوەیەشدا رەزامەندیمان لە سەر تەرخانکردنی پێنجسەد ملیار دینار داوە بۆ ئەنجامدانی چەند پڕۆژەیەکی گرنگ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا کە کۆی گشتیان زیاتر لە دووسەد پڕۆژە دەبێت لەوانە پرۆژەی ستراتیجی وەک رێگاوبانی نێوان شارەکان، هەروەها چەند سایلۆ و قوتابخانە و هێڵی کارەبا و ئاوو ئاوەڕۆ.
بێگومان ئەنجامدانی ئەو پڕۆژانە جگە لەوەی هەنگاوێکی دیکە، دۆخی ئابووری بەرەوپێشەوە دەبات. لە هەمانکاتدا هەزاران هەلی کارکردنیش بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دابین دەکات. بەڵام ئاشکرایە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت بەتەنیا ئەرکی پەرەپێدانی ئابووری هەرێمی کوردستان ئەنجام بدات. بەڵکو پێویستە کەرتی تایبەتیش لەم بوارەدا بەرپرسیاریەتی خۆی هەڵبگرێت و هاوکاری حکومەت بکات لە ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرهێنان بە پێی پلان و پێداویستییەکانی ناوخۆ.
لەم رووەوە هەروەک لە کارنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا رامانگەیاند زەمینەیەکی لەبارتر بۆ وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی لە هەرێمی کوردستان دەرەخسێنین و هەر ئاسانکارییەک پێویست بێت ئەنجامی دەدەین. بەڵام جەخت لە سەر ئەوە دەکەینەوە کە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان دەبێت بەپێی پلانێکی تۆکمە و پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان بن بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندی گشتی هەموو دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بێت و هەموو ناوچەکانی هەرێمیش بگرێتەوە.
بێگومان ئەو خواست و هیوایانەی هەمانە بۆ گەشەپێدانی ئابووری تا ئاستێکی زۆر بەندە بە جێگیربوونی بارودۆخی سیاسی و ئەمنی لە ناوچەکە و باشتربوونی پەیوەندیمان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی. لەم رووەوە پرۆسەی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بەردەوامە و بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیش چەندین پێشنیارمان خستووەتەوە روو کە
تایبەتن بە نەوت و گاز و بودجە و دارایی ،ناوچە دابڕێنراوەکان، پرسی ئەمنی وبەتایبەتیش بابەتی پێشمەرگە. تێگەیشتنی باش لەلایەن ئەوانەوە هەیە. بەڵام چاوەڕوانین حکومەتی فیدراڵیش هەنگاوی زیاتر و جیدیتر بهاوێژێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە پێی دەستوور و ئێمەش دەرگای گفتوگۆمان کراوەیە.
هەروەها نیگەران و دڵگرانین بە شەڕ و تووندتیژی لە رۆژئاوا و هیوادارین کۆتاییان پێ بێت و دەرگای ئاشتی و گفتوگۆ بکرێتەوە. چونکە شەڕ لە بەرژەوەندی هیچ لایەکدا نییە و ئێمە هەموومان لێی زیانمەند دەبین. رەنگە بە هۆێ شەڕیشەوە زۆر خەڵک ئاوارە و دەربەدەر بوونە و پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە. لێرەدا جێی خۆیەتی بەتایبەتی سوپاسێکی گەرمی خەڵکی دهۆک و دەوروبەری بکەم کە پێشوازیان لە ئاوارەکان کردووە هیوادارم لە خزمەتکردنی لێقەوماوان بەردەوام بن.
لە کۆتاییدا جەخت لەوە دەکەمەوە کە پێویستە دەستکەوتەکانی کوردستان بپارێزین کە بە خوێن و قوربانیدانی هەزاران پێشمەرگەی قارەمان هاتووەتە دی. بۆیە ئەرکی ئێمەیە ئەو دەسکەوتانە بپارێزین و بەهای خوێن و قوربانیدانی شەهیدەکانمان بزانین.
جارێکی تریش سوپاسی ئامادەبوونتان دەکەم و هیوادارم پڕۆژەی گرنگتر لە داهاتوودا لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بکەینەوە.