سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان: دەمانەوێت پەیوەندییەکی باشی بنیاتنەرانە و جێگیرمان لەگەل حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا هەبێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - رۆژی چوارشەمممە ٢٠١٩/١٠/٢ رێزدار مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێکی بە زمانی ئینگلیزی لە کۆنفرانسێکی زانکۆی کوردستان لە هەولێر پێشکەش کرد کە تایبەت بوو بە روانگە و ستراتیجی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سەقامگیریی لە عێراق و ناوچەکەدا. ئەمەی خوارەوە پوختەیەکی وتارەکەیە بە زمانی کوردی:
بەیانیتان باش
زۆر سوپاس بۆ زانکۆی کوردستان بۆ رەخساندنی ئەم دەرفەتە بۆ قسەکردن لەبارەی روانگە و ستراتیجیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربارەی سەقامگیریی لە عێراق و ناوچەکەدا.
بێگومان چەند بنەمایەک هەن بۆ ئەوەی سەقامگیریی و ئارامی لە هەر وڵات و دەڤەر و ناوچەیەک هەبێت. هیچ حکومەت و هەرێمێک ناتوانێت بە بێ کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی سەقامگیریی خۆی مسۆگەر بکات و خۆی لە هێرش و دەستدرێژی بپارێزێت. هەروەها سەقامگیریی هیچ حکومەتێکیش پارێزراو نابێت ئەگەر خەڵکەکەی ژیانێکی ئازاد و سەربەخۆ و رێزلێگیراویان نەبێت. یان پارتە سیاسیەکان لە پێناو بەرژەوەندی گشتی، کێشە و ناکۆکییەکانیان بەلاوە نەنێن. ئەمانە بەشێکی گرنگن لەبنەماکانی چەسپاندنی سەقامگیریی کە رەنگە ئەمڕۆ بەشدارانی ئەم کۆنفرانسە بە درێژی گفتوگۆی لەبارەوە بکەن.
من ئەمڕۆ لێرەدا قسە دەربارەی بنەمایەکی گرنگی چەسپاندنی سەقامگیریی لە هەرێمی کوردستان دەکەم کە ئەویش پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵییە لە بەغدا.
ئێمە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کارنامەیەکی ئومێدبەخشمان راگەیاندووە بەڵام بێگومان جێبەجێکردنی ئەو کارنامەیە، بەندە بە بوونی پەیوەندییەکی بنیاتنەر و هاوبەشانە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا.
ئەو پەیوەندییەی ئێمە بە عێراق دەبەستێتەوە، چەند لایەنەیە: چ لە بواری بەرگریکردن بێت لە ژیان و گوزەرانی خەڵک و دۆخی دارایی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و ئەو یاسا و رێسایانەی پێویستە جێبەجێ بکرێن . تا پاراستنی ئەو سنوورانەی پێویستە کۆنترۆڵ بکرێن وبپارێزرێن.
هەبوونی پەیوەندییەکی باش لەگەڵ بەغدا یارمەتیدەرێکی سەرەکی هەبوونی ئارامی وسەقامگیرییە کە زۆر گرنگە بۆ هاندانی وەبەرهێنەران بەتایبەتی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ سەرمایەگوزاری کردن لە هەرێمی کوردستاندا و پەرەپێدانی هەموو کەرتەکانی ئابووری بە شێوەیەک کە تەنیا پشت بە یەک سەرچاوەی داهات نەبەسترێت. هەر بۆ نموونە پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و بەرووبوومی کشتوکاڵی ، ئاسایشی خۆراکمان بۆ دابین دەکات. گەشەپێدانی سامانە سروشتییەکانمان دەبێتە هۆی ئەوەی لە رووی وزەوە سەربەخۆ بین. هەروەها پاراستنی ژینگە و سروشتی دڵڕفێنی کوردستان ، زیاتر هانی گەشتیاران دەدات بۆ ئەوەی زیاتر روو لە هەرێمی کوردستان بکەن بە تایبەتی لە شار و ناوچەکانی عێراقدا.
بۆیە هەبوونی پەیوەندییەکی باش وبەهێز لە گەڵ بەغدا ، کاریگەرییەکی ئەرێنی لە سەر ژیانی رۆژانەی خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق دەبێت.
لێرەدا پێمخۆشە راشکاوانە باس لەوە بکەم کە ئیمە لە هەرێمی کوردستان دەمانەوێت پەیوەندییەکی باشی بنیاتنەرانە و جێگیرمان لەگەل بەغدا هەبێت. پێموایە بەغداش هەمان ئامانجی هەیە. لەم چوارچێوەیەدا دەتوانم بڵێم کە بە درێژایی ساڵی رابردوو پەیوەندییەکی ئەرێنی و دۆستانەمان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق رێزدار عادل عەبدولمەهدی و تیمەکەی بنیاتناوە . ئاشکرایە هەردوولامان بەرژەوەندی هاوبەش بەیەکەوەمان دەبەستێتەوە ، هەردوولامان سەقامگیریی و گەشەپێدانی ئابووری وخۆشگوزەرانیمان دەوێت و دەشزانین بۆ هاتنەدی ئەو ئامانجانە پێویستە هاوکاری یەکتر بین.
بێگومان لە ساڵانی رابردوودا کێشە و گرفت وناكۆکی لە نێوان هەردوولامان دروست بووە ، بەڵام ئامانجی لە پێشینەی ئێمە ئەوەیە کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور و بە لە یەکتێگەیشتن چارەسەر بکەین. ئەمەش لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراقدایە.
ئێمە دەمانەوێ لە رێگەی هەبوونی پەیوەندییەکی باشی بنیاتنەرانە لە گەل بەغدا .دوارۆژێکی گەش بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان دابین بکەین.
چارەسەکردنی بنەڕەتی کێشەکان پێویستە لە سەر بنەمای رێز لە یەکترگرتن و رێزگرتن بێت لە مافە دەستوورییەکانمان. چونکە لەبەرچاوگرتن و رێزگرتن لە مافی لایەنێک و پێشێلکردنی مافەکانی لایەنەکەی تر ، کێشەکان ئاڵۆزتر دەکات و هەڕەشەش دەبێت بۆ سەر تەناهی و سەقامگیریی.
بودجە:
• لێرەدا پێمخۆشە ئاماژە بەوە بکەم کە گفتوگۆکانمان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی بەردەوامن و بە ئاراستەیەکی باشدا دەڕۆن . بەتایبەتی گفتوگۆکانی تایبەت بە بودجەی ٢٠١٩ - ٢٠٢٠ و ماف وشایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان. بە پێویستی دەزانین بگەینە رێککەوتنێکی ماوە درێژی دادپەروەرانە لە سەر بنەمای دەستوور .
نەوت و گاز :
• سەبارەت بە ناکۆکییەکانی نەوت وگاز ، ئێمە دووپاتی دەکەینەوە کە دەبێ بە پێی دەستوور کێشەکان یەکلابکرێنەوە و چارەسەر بکرێن و مافەکانمان وەک هەرێمێکی دانپێدانراوی فیدراڵی پارێزراوو رێزلێگیراو بن.
داهاتی نەوت لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا رۆڵێکی گرنگ و سەرەکی هەیە لە دەستنیشانکردنی بودجەدا. بۆیە ئێمە زۆر بەگرنگ و پێویستی دەزانین سەرچاوەکانی داهات هەمەچەشن و جۆراوجۆر بکرێن و تەنیا پشت بە یەک سەرچاوەی داهات نەبەسترێت. بۆ ئەوەی لەماوەی مەودا درێژدا پلانی باشتر بۆ گەشەپێدانی ئابووری دابنێین.
ناوچە کێشە لەسەرەکان:
• دەربارەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و کێشە لەسەر، كەرکووک چەق وسەنتەری گفتوگۆکانمانە لە گەڵ بەغدا کە پێویستە کێشەی ئەو ناوچانە بەپێی نەخشەرێگایەک چارەسەر بکەین بە گوێرەی ماددەی ١٤٠ ی دەستوور. ئەو ناوچانە کە بە (ناکۆکی لە سەر) ناو دەبرێن خۆی لە خۆیدا مانای ئەوەیە نابێت هیچ لایەنێک بە تەنیا کۆنترۆڵیان بکات و بەڕێوەیان ببات هەتا دەگەینە چارەسەرێکی بنەڕەتی. ئەمەش هۆکارێک دەبێت بۆ چەسپاندنی سەقامگیریی لەو ناوچانەدا. بە پێچەوانەوە هەر بڕیارێکی تاکلایەنە یان سەپاندنی فۆرمۆلەیەکی دیاریکراو و دوور لە خواست وئارەزووی دانیشتووان و پێچەوانەی دەستوور ، هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.
لەمبارەیەوە ئێمە داوای هەماهەنگی ئەمنی و سەربازی دەکەین لەو ناوچانەدا کە یارمەتیی حکومەتی خۆجێی بدات. هەروەها لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکانیش کاردەکەین لە پێناو دۆزینەوەی میکانیزمێکی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە هەتا دەگەینە چارەسەری کۆتایی و بنەڕەتی کێشەکان.
پێشمەرگە :
• خاڵێکی گرنگی تری گفتوگۆکانمان تایبەتە بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە داوا دەکەین پێشمەرگە بەشێک بێت لە سیستەمی بەرگری عێراق.
من خۆم لە تەمەنی شازدە ساڵییەوە بووم بە پێشمەرگە و لە نزیکەوە فیداکاری و قارەمانێیتی و دیسپلینی پێشمەرگەم بینیوە. هەمووتان دەزانن کە هێزی پێشمەرگە چۆن لە شەڕی بەرگریکردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق ئەفسانەی تیرۆریستانی داعشیان تێکشکاند و لەجیاتی لە هەموو جیهان رووبەڕوویان بوونەوە.
پێشمەرگە هێزی پاڵەوان وقارەمانی گەلی کوردستانن و، جیهانیش ئەمە دەزانێت. بۆیە بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری ماف و داخوازییەکانیان نابین و داوا دەکەین رۆڵێکی گرنگییان هەبێت لە سیستەمی بەرگری عێراقدا. بە تایبەتیش کە ماوەیەکە لەگەڵ برای بەڕێزم کاک قوباد تاڵەبانی و بەڕێز کاک شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە خەریکی ئەنجامدانی چەند چاکسازییەکین لە ناو پێشمەرگە بۆ ئەوەی پێشمەرگە بتوانێت بە شێوەیەکی باشتر خزمەتی چەسپاندنی سەقامگیریی لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا بکات.
ئامادەبووانی بەڕێز...
وەک لە سەرەتاوە ئاماژەم پێدا. ئێمە زۆر بەجیددی کار لە سەر باشترکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دەکەین. چارەسەرکردنی کێشەکانیشمان لە بەرژەوەندی هاووڵاتیانی هەموو عێراقە و لە بەرژەوەندی سەقامگیریشە لە ناوچەکەدا. بۆیە پێمانوایە ئێستا دەرفەتێکی باش هاتووەتە پێش بۆ چارەسەرکردنێکی بنەڕەتیانەی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور.
هیوادارم ئەم دەرفەتە لە دەست نەدەین و هەردوولامان کاربکەین لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتییەکانمان و بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێز و عێراقیکی بەهێزدا.
زۆر سوپاس