سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئەنجومەنی بزنسی ئەمریکا - کوردستان دەکات
• هەرێمی کوردستان دەکرێ ببێتە بنکەیەکی بازرگانی لە ناوچەکەدا
• ئاسانکاری پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی دەکرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠١٩/١٠/١٥ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی بزنسی ئەمریکا - کوردستان کرد کە لە نوێنەری ژمارەیەک کۆمپانیای ئەمریکی پێکهاتبوون.
لە کۆبوونەکەدا بەیان سامی عەبدولرەحمان نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن ئامادەیبوو. گفتوگۆ دەربارەی گەشەپێدانی پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان کرا.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا کە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی هەمەجۆرکردنی ئابووری هەرێمی کوردستان دەدات، بەتایبەتيش گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ دەدرێت. دەرفەتی ئەوەش هەیە هەرێمی کوردستان ببێتە سەبەتەیەکی خۆراک نەک تەنیا بۆ ناوخۆ و عێراق، بەڵکو بۆ هەموو ناوچەکە. گوتیشی هەرێمی کوردستان دەکرێ ببێتە بنکەیەکی بازرگانی لە ناوچەکەدا. بۆ ئەم مەبەستەش ئاسانکاری پێویست بۆ وەبەرهێنەرانی ناوخۆ و بیانی دەکرێت.