Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەمەریکی دەکات

• گرژبوونی بارودۆخ لە عێراق و ناوچەکە لە بەرژەوەندی گەلانی ناوچەکەدا نییە

• داعش هەڕەشەیەکی گەورەیە لە چەند ناوچەیەکی عێراق


هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠١٩/١٠/٣ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سیناتۆری ئەمەریکی تامی باڵدوین و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارێکدا کە ستیڤن ڤەیگن کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر ئامادەی بوو ، پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و بارودۆخی ئاسایش لە ناوچەکە و جموجۆڵی شانە نووستووەکانی داعش تاوتوێ کران.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا گفتوگۆکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بە باشی بەڕێوە دەچن و سەرۆک وەزیرانی عێراق تێگەیشتنێکی باشی بۆ تەوەرەکانی گفتوگۆ هەیە و ئومێد دەکەین لە سەر بنەمای دەستوور بگەینە رێککەوتن. گوتیشی گرژبوونی بارودۆخ لە عێراق و ناوچەکە لە بەرژەوەندی گەلانی ناوچەکەدا نییە.

هەروەها سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە جموجۆڵ و هەڕەشەکانی داعش کرد لە چەند ناوچەیەکی عێراق کە هەڕەشەی گەورە و جیددین بۆ سەر دانیشتووانی ئەو ناوچانە و پێویستی بە هەماهەنگی زیاتر هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەیان.