سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی رووسیا دەکات
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
• پێشوازی لە بەهێزبوونی پەیوەندییە ئابوورییەکانمان لەگەڵ رووسیادا دەکەین
وەزیری دەرەوەی رووسیا:
• پشتگیریی لە هەبوونی گەشتی راستەوخۆ لە نێوان هەولێر و مۆسکۆدا دەکەین
• کورد لە عێراق و سووریا رۆڵێکی گرنگی لە شەڕی تێرۆریستان هەبوو
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠١٩/١٠/٧ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای رووسی بە سەرۆکایەتی سێرجی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران ئامادەبوو، وەزیری دەرەوەی رووسیا دووبارە پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەی بە پەیوەندی مێژوویی نێوان گەلی کورد و رووسیا و مانەوەی سەرکردەی مێژوویی کورد مەلا مستەفا بارزانی کرد لە رووسیا.
لە کۆبوونەکەدا جەخت لە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و رووسیا کرایەوە و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان ئاماژەی بەوەدا کە پێشوازی لە بەهێزبوونی پەیوەندییە ئابوورییەکانمان لەگەڵ رووسیادا دەکەین، لەمبارەیەوە وەزیری دەرەوەی رووسیا ستایشی سەقامگیریی دۆخی ئاسایشی هەرێمی کوردستانی کرد و ئامادەیی وەبەرهێنەرانی وڵاتەکەشی دەربڕی بۆ سەرمایەگوزاریکردن لە هەرێمی کوردستان. هەروەها پشتگیریشی لە هەبوونی گەشتی راستەوخۆ لە نێوان هەولێر و مۆسکۆ کرد.
لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا باس لە جموجۆڵ و هەڕەشەکانی داعش کرا لە چەند ناوچەیەکی عیراق و سوریا. هەردوولا هاوڕابوون کە داعش هێشتاش مایەی هەڕەشەیە لەو ناوچانە. لاڤرۆڤ ستایشی رۆڵی گرنگی پێشمەرگە و کوردی کرد لە عێراق و سوریا لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش و ئامادەیی رووسیاشی دەربڕی بۆ هەر هاوکارییەک کە لە مبارەیەوە پێویست بێت.
هەروەها لە کۆبوونەوەدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی سوریا کرا .ئاماژە بەوە درا کە گرژبوونی زیاتری دۆخەکە زیانێکی زۆر بە خەڵکی ناوچەکە دەگەیەنێت. هەردوولا هاوڕابوون کە کورد رۆڵی خۆی لە داهاتووی سوریادا هەبێت.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان وحکومەتی فیدراڵی و ئاماژەی بەوەدا کە گفتوگۆکان بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتن بەردەوامن. وەزیری دەرەوەی رووسیا پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ گفتوگۆکانی نێوان هەردوولا دەربڕی.