سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەکات
• سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان: لەگەڵ وەستاندنی شەڕ و دۆزینەوەی چارەسەرێکین کە لە بەرژەوەندی دانیشتووانی ناوچەکەدا بێت.
• وەزیری دەرەوەی فەرەنسا : هاتووم پشتگیریی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان دووپات بکەمەوە.
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ هەینی ٢٠١٩/١٠/١٨ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جان ئیڤ لۆدریان وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کرد.
لە کۆبوونەکەدا گفتوگۆ دەربارەی دوا گۆڕانکارییەکانی عێراق و سوریا کرا. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر پرۆسەی گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و گوتی هەموو ئامادەییەکمان دەربڕیوە بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لە گەڵ بەغدا و بۆ ئەم مەبەستەش چەندین پێشنیارمان خستووەتە ڕوو، بۆیە ئومێدەوارین حکومەتی فیدراڵیش هەنگاوی زیاتر و جیدیتر بهاوێژێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ هەێمی کوردستان دەربڕی و گوتی هاتووم پشتگیریی فەرەنسا بۆ خەڵکی هەریمی کوردستان دووپات بکەمەوە کە لە شەڕی دژی داعشدا رۆڵێکی گەورەی گێڕا و قوربانییەکی زۆریاندا. گوتیشی من بەچاوی خۆم ئازایەتی و قارەمانیەتی پێشمەرگەم بینیوە.
وەزیری دەوەرەی فەرەنسا جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە هەموو هەوڵەکان چڕ بکەینەوە لە پێناو رێگەگرتن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش کە ئێستا لە چەند ناوچەیەکی عێراق خۆی رێکدەخاتەوە و هەڕەشەیە بۆ سەر خەڵکی ئەو ناوچانە.
لە بارەی دۆخی رۆژئاوای کوردستان و باکووری رۆژهەڵاتی سوریاش، هەردوولا نیگەرانی خۆیان لە گرژبوونی بارودۆخەكە و دروستبوونی تووندوتیژی دەربڕی کە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زۆری خەڵک لەو ناوچانە و بەشێکێشیان روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە. جەخت لەوە کرایەوە پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بکات لە یارمەتیدان و لە خۆگرتنی پەنابەر وئاوارەکان.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە کە لەگەڵ وەستاندنی شەڕ و دۆزینەوەی چارەسەرێکن کە لە بەرژەوەندی دانیشتووانی ناوچەکە بێت و هەر پێشهات و گۆڕانکارییەکيش ببێتە هۆی گۆڕینی دیموگرافی لە ناوچەکەدا رەتيدەکەینەوە.