سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی سەربازی ئەمەریکی دەکات
مەسرور بارزانی:
• گفتوگۆکانمان لە گەڵ بەغدا بەردەوامە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور
• گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی عێراقە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - رۆژی دووشەممە ٢٠١٩/٩/٢٣ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی سەربازی ئەمەریکی کرد بە سەرۆکایەتی جەنەراڵ گریگۆری کرودەر.
لە دیدارەکەدا کە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و ستیڤن فەیگن کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر ئامادەی بوون ، گفتوگۆ دەربارەی دوا پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە کرا. بەتایبەتی هەماهەنگی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانی بەگشتی کرد بۆ هاوکارییەکانیان بۆ هێزی پێشمەرگە و ئاماژەی بە هەماهەنگی باشی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە عیراقییەکان کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش.
لە بارەی پەیوەندی لە گەڵ حکومەتی فیدراڵیش جەختی لەوە کردەوە کە گفتوگۆکانمان لە سەر چەندین ئاست بەردەوامە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور . گوتیشی گەیشتن بە رێککەوتن لە بەرژەوەندی هەموو خەڵکی عێراقە .