سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەکات
مەسرور بارزانی : دەمانەوێ لە گەڵ بەغدا بگەینە رێککەوتنێک کە مافە دەستوورییەکانمان پارێزراو بێت .
ئەمڕۆ دووشەممە 2019/9/9 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جینین هینیس پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی پێشهات و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچەکە کرا. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق و ئاماژەی بەوە کرد کە گفتوگۆکانمان لە گەڵ بەغدا بەردەوامن و ئامانجی سەرەکیمان ئەوەیە بگەینە رێککەوتن بەشێوەیەک کە مافە دەستوورییەکانمان پارێزراو بێت .
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە کە سەرەڕای دۆخی سەختی دارایی، بەڵام هەرێمی کوردستان وەک پەناگەیەکی ئارام ، بەردەوام پێشوازی لە ئاوارە و پەنابەران کردووە و هاوکاری پێویستی پێشکەش کردوون.
لە بارەی دۆخی کەرکووکیش هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگی جێبەجێکردنی ماددەی 140 ی دەستوور و ئاساییکردنەوەی باردۆخی دەڤەرەکە.