سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیر پلاندانانی عێراق کرد
• وەزیری پلاندانانی عێراق : دەرفەتێکی باش هەیە بۆ ئەوەی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن.
• سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان : تێبینیمان لە سەر میکانیزمی ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتووان هەیە و نابێت بۆ ئامانجی سیاسی بەکاربهێنرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە 2019/9/10 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە نووری سەباح دلێمی وەزیری پلاندانانی عێراق کرد.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا وەزیری پلاندانانی عێراق، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەزموونی هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی جێگیر و سەرکەوتووە و سەرکەوتنی هەرێمی کوردستانیش سەرکەوتنە بۆ هەموو عێراق. گوتیشی ئێستا دەرفەتێکی باش هەیە بۆ ئەوەی هەموو کێشە و گرفتەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر ببن.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی و نیازپاکی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نیشانداوە لە سەر بنەمای دەستوور . گوتیشی هیواداریشین سەردەمێکی ئەرێنی و نوێ لە پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدرال و حکومەتی هەرێمی کوردستان بێتە ئاراوە بە شێوەیەک کە شەراکەتی راستەقینە و هاوسەنگی و سازان لە بەرچاو بگیرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها گفتوگۆ لە بارەی سەرژمێری دانیشتووان کرا کە بڕیارە ساڵی 2020 لە عێراق ئەنجام بدرێت ، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند سەرژمێری کارێکی گرنگە بۆ کۆکردنەوەی داتا و زانیاری کە ئامرازێکی یارمەتیدەر دەبێت بۆ پلاندانان بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان تێبینی لە سەر میکانیزمی ئەنجامدانی سەرژمێرییەکە هەیە و پێویستە لە بەرچاو بگێرێن . گوتیشی نابێ سەرژمێری وەکو کارتێکی سیاسی لە دژی هیچ پێکها تەیەک بەکار بهێنرێت .