سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە سەرۆک کۆماری عێراقی فیدراڵ دەکات
• چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان وحکومەتی فیدراڵی لە قازانج و بەرژوەندی هەموو خەڵکی عێراقدايە
• دەرفەتێکی باش هاتووەتەوە ئارا بۆ چارەسەرکردنێکی بنەڕەتی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ چوارشەممە 2019/9/18 سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی پێشوازی کرد لە بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراقی فیدراڵ.
لە دیدارەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و فوئاد حوسێن جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی عێراق و ژمارەیەک بەرپرسی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیبوون ، گفتوگۆ دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ کرا . جەخت لەوە کرایەوە کە ئێستا دەرفەتێکی باش هاتووەتەوە ئارا بۆ چارەسەرکردنێکی بنەڕەتی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور کە پێویستە بەتەواوی جێبەجێ بکریت .
هەروەها دووپاتکرایەوە کە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان وحکومەتی فیدراڵی لە قازانج و بەرژوەندی هەموو خەڵکی عێراقدايە و هۆکارێکی سەرەکییە بۆ سەقامگیربوونی بارودۆخی عێراق بە تایبەتیش کە هیشتاش تیرۆریستان لە چەند ناوچەیەکی عێراق هەڕەشەن لە سەر ئاسایشی هاووڵاتیان .