پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی و ساڵرۆژی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان
![](/media/1689/prime_minister_masrour_barzani.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=132596854380000000)
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی ٢١ نیسانی ٢٠٢٠ بە بۆنەی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی و ساڵرۆژی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە.
تێكستی پەیامی سەرۆكی حكومەت:
بەبۆنەی (١٢٢) مین ساڵرۆژی رۆژنامەگەریی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی رۆژنامەی (کوردستان)، گەرمترین پیرۆزبایی لە رۆژنامەنووسان و راگەیاندنکارانی کوردستان دەکەم. هەروەها (٢٢) مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لە رۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان پیرۆز دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
لەم دەرفەتەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی دەزگاکانی راگەیاندنی هەرێمی کوردستان بکەم کە لە جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و بڵاوکردنەوەی رێنماییە تەندروستییەکان رۆڵێکی گرنگیان هەبوو.
رێز و پێزانین بۆ رووناکبیران و پێشەنگانی رۆژنامەگەریی کوردستان و ئەو رۆژنامەنووسانەی لە پێناو گەیاندنی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستاندا خزمەتیان کرد و گیانی خۆیان بەخت کرد .
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٠/٤/٢١