پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی قیامە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا، جەژمی قیامە لە ھاووڵاتییانی مەسیحی پیرۆز كرد و پێداگری لەسەر پێكەوە ژێانی ئاشتیانە لە ھەرێمی كوردستان و پێویستیی پابەند بوون بە رێكارەكانی خۆپاراستن لە نەخۆشیی فایرۆسی كۆرۆنا كرد.
تێكستی پیرۆزبایی سەرۆكی حكومەت:
بەبۆنەی جەژنی قیامە ، پیرۆزبایی لە خوشک و برایانی مەسیحی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهان دەکەم. هیوادارم خوای مەزن رۆژوو و نزاکانیان قبوڵ بکات و لە کەشێکی خێر و خۆشیدا رۆژانی جەژن بەڕێ بکەن.
کوردستان هەر لە دێرزەمانەوە مەڵبەندی بەیەکەوەژیانی ئاینی بووە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پابەندبوونی خۆی بە داکۆکیکردن و پاراستن و پەرەپێدانی کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاینی لە هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە.
ئەم جەژنە هاوکاتییشە لە گەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و ئەو دۆخە سەختەی هەرێمی کوردستان و تەواوی جیهانی گرتووەتەوە. بەم بۆنەوە داواکارم لە هاووڵاتییانی خۆشەویست بەردەوام بن لە پابەندبوون بە رێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٠/٤/١١