پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی (٣٢)مین ساڵیادی شاڵاوەکانی جینۆسایدی ئەنفال
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا بە بۆنەی ساڵیادی شاڵاوەكانی ئەنفال داوای بنبڕکردنی ئەو هزرە شۆڤێنی و رەگەزپەرستییە كرد کە لە پشت ئەنجامدانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفالن و ھەروەھا پێداگیریشی لەسەر پێویستیی قەرەبووكردنەوەی کەسوکاری قوربانیانی ئەم تاوانە كرد.
تێكستی پەیامی سەرۆكی حكومەت:
ئەمڕۆ 32 ساڵ بە سەر گەورەترین شاڵاوی جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان تێدەپەڕێت کە بەشێک بوو لە زنجیرەیەک شاڵاوی جینۆسایدکردن کە ئامانج لێی قەڵاچۆکردنی ناسنامەی نەتەوەیی کورد و گەلی کوردستان بوو.
یادکردنەوەی ئەو تاوانە مەزنانەی کە بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان و بەبەرچاوی جیهان ئەنجامدران و هەزاران کەسی بێتاوانی تێدا بوونە قوربانی، نابێت تەنیا یادکردنەوەیەکی ئاسایی ئازارەکانمان بێت. بەڵکو دەبێ بە هەموو شێوەیەک هەوڵی بنبڕکردنی ئەو هزرە شۆڤێنی و رەگەزپەرستییە بدرێت کە لە پشت ئەنجامدانی تاوانی جینۆسایدی ئەنفالن کە زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی گرتەوە و زامێکی قووڵ و لەیادنەکراويشە لە جەستە و یادەوەری گەلی کوردستاندا.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدا درێژە بە هەوڵەکانی دەدات بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی کەیسی ئەنفالەکان و بە جینۆسایدناساندنی، بەردەوام پەرۆشی باشترکردنی ژیان و گوزەرانی کەسوکاری شەهیدان و قوربانیانی شاڵاوەکانی جینۆسایدی ئەنفالە کە پێویستە دەوڵەتی عێراقیش بەرپرسیارێتی دەستووری و ئاکاریی خۆی لە قەرەبووکردنەوەی ئەو تاوانە مەزنانە لە ئەستۆ بگرێت و دڵنیایی دووبارە نەبوونەوەشیان لە داهاتوودا بدات.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٠/٤/١٤