Skip to the content

پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی هاتنی مانگی رەمەزان

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی لە پەیامێكدا، پیرۆزبایی هاتنی مانگی رەمەزانی پیرۆز لە موسڵمانانی کوردستان و جیهان دەکات.

دەقی پەیامی سەرۆكی حكومەت:

بەبۆنەی هاتنی مانگی رەمەزانی پیرۆز، پیرۆزبایی لە موسڵمانانی کوردستان و جیهان دەکەم. هیوادارم مانگی خێر و بەرەکەت و رەحمەت بێت و خوای مەزن و دلۆڤان، رۆژوو و نزا و عیبادەتی هەمووان قبوڵ بکات.

لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی مامۆستایانی ئاینی هەرێمی کوردستان بکەم کە رۆڵێکی گرنگ و بەرچاویان هەبوو لە هاوکاری کردنی جێبەجێکردنی رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و رێنماییە تەندروستییەکان. داواشیان لێدەکەم کە بەردەوام بن لە رێنماییکردنی هاووڵاتییان بۆ پاراستنی خۆیان و کۆمەڵگە لەم پەتایە.

ئومێدەوارین هاتنی مانگی رەمەزان ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ هەموو لایەک.

 

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٠/٤/٢٣