پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی سەری ساڵی ئاینی ئێزدی
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رۆژی سێشەممە ١٤ نیسانی ٢٠٢٠ لە پەیامێكدا جەژنی سەری ساڵی ئاینی ئێزدی لە ھاووڵاتیانی ئێزیدیی پیرۆز كرد.
تێكستی پەیامی سەرۆكی حكومەت:
بەبۆنەی جەژنی سەری ساڵی ئاینی ئێزدی، پیرۆزبایی لە خوشک و برایانی ئێزدی لە کوردستان و جیهان دەکەم. ئومێدەوارم ساڵی نوێ پڕ لە خێر و خۆشی و کامەرانی و ساڵی کۆتاییهاتن بە ئازار و مەینەتییەکانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان بێت کە لە ساڵانی رابردوو لە سەر دەستی تیرۆریستان رووبەڕووی تاوانی مەزن بوونەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بە داکۆکیکردن و پاراستنی مافی گشت پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکانی هەرێم و ئێزدییەکانیش وەک پێکهاتەیەکی رەسەنی گەلی کورد ماف و داخوازییەکانیان پارێزراو دەبێت و هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ خزمەتکردنی زیاتری خوشک و برا ئێزدییەکانمان.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان