سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگەی خێرای هەولێر- دهۆک و شەقامی 150 مەتری شاری هەولێر بەسەر دەکاتەوە
ههولێر، ههرێمی كوردسان، عێراق (GOV.KRD) - ئەمڕۆ دووشەمە ٢٠٢٠/٨/٣١ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی پڕۆژەی ڕێگەی خێرای هەولێر-دهۆک ( گۆپاڵ)ی کرد.
سەرۆکی حکومەت بە ئامادەبوونی دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر لە نزیکەوە جێبەجێکردنی پڕۆژەکەی بەسەرکردەوە کە پڕۆژەیەکی ستراتیجییە و ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاتووچۆی نێوان هەولێر - دهۆک و ئالوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا دەکات و بە پێی ستانداردی ڕێگەوبانیی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێت.
بودجەی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکە (157) مليۆن دۆلارە کە ئێستا لە قۆناغی کۆتاییدایە و بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵ تەواو ببێت.
دواتر سەرۆکی حکومەت قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی شەقامی خێرای (150 ) مەتری شاری هەولێری بەسەرکردەوە کە درێژییەکەی 10 کیلۆمەتر دەبێت و بەشی یەکەمی لە قۆناغی کۆتاییدایە و بودجەی ئەم بەشەی 131 ملیۆن دۆلار دەبێت.
سەرۆکی حکومەت وێڕای دەستخۆشی لە کۆمپانیای جێبەجێکار، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی کە ئەم پڕۆژە گرنگ و ستراتیجیانە لە لایەن دەست و بازووی ناوخۆیی و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجام دەدرێن. ئاماژەشی بەوە دا کە یەکێک لە کارە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابووریی و باشترکردنی ڕێگاوبانەکانی هەرێمی کوردستانە.