لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە گەڵ پارێزگاری هەڵەبجە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بارودۆخی پارێزگاکە تاوتووێ دەکات
• سەرۆکی حکومەت:
ئەنجامدانی خۆپێشاندان بە شێوەیەکی ئاشتیانە و شارستانیانە مافی هاووڵاتییانە، بەڵام سووتاندن و تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی و هاووڵاتییان، دەچێتە خانەی تاوان و پێویستە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی بگیرێتەبەر.
ھەولێر، ھەرێمی كوردستان، عێراق (GOV. KRD)- ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢٠/٨/٢٣ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئازاد تۆفیق پارێزگاری هەڵەبجە، بارودۆخی دەڤەرەکەی لە ڕووی تەندروستی و خزمەتگوزارییەوە تاووتوێ کرد.
سەرۆکی حکومەت نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر ئەو ئاژاوە و پشێوی و هێرشکردنە سەر دامودەزگاکانی حکومی و موڵک و ماڵی گشتی و هاووڵاتییان دەربڕی کە دوێنێ هەندێک کەس لە ژێر ناوی خوپێشاندانەوە لە هەڵەبجە و چەند ناوچەیەکی دیکە ئەنجامیاندا.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەدا کە ئەنجامدانی خۆپێشاندان بە شێوەیەکی ئاشتیانە و شارستانیانە مافی هاووڵاتییانە، بەڵام سووتاندن و تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی و هاووڵاتییان، دەچێتە خانەی تاوان و پێویستە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەنجامدەرانی بگیرێتەبەر .
لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی دوو پڕۆژەی گرنگ لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە کرا کە یەکێکیان پڕۆژەی پردی (تووەقوت)ە کە لە لایەن وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ئەنجام دەدەرێت، هەروەها (ناوچەی پیشەسازی خۆراک) کە دەستەی وەبەرهێنان ئەنجامی دەدات. هەردوو پڕۆژەکەش لە قۆناخی کۆتایی ئامادەکارییدان و لە ماوەیەکی نزیکدا دوای رێکارە ئیدارییەکان، بەردی بناغەی ھەردوو پڕۆژەکە دادەنرێت.
دۆخی تەندروستی سنووری پارێزگاکە و هەنگاوەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤاپرۆسی کۆرۆنا، لایەنێکی دیکەی گفتوگۆی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە بوون.