Skip to the content

پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV. KRD) - لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵ و توانایەکی خۆی خستووەتەگەڕ بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە داراییە سەختەی کە هەرێمی کوردستان و عێراق و دونیای گرتووەتەوە، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیش بەردەوامە لە گفتوگۆ بۆ دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، کە بەداخەوە تا ئێستا نەیناردووە، هەرچەندە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستووردا، هەموو نەرمییەکیشی نواندووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، کەچی بەداخەوە خەڵکانێک دەیانەوێ بژێوی خەڵک بۆ بەرژەوەندیی شەخسی خۆیان بەکاربهێنن و بە بیانووی بەرگریکردن لە ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان، هەوڵی تێکدان و سووتاندن و ئاژاوەنانەوە دەدەن.

بێگومان حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەست بە بارگرانی و سەختی ژیانی هاووڵاتییان دەکات و سوپاسی خۆڕاگریشیان دەکات و خۆپێشاندانی ئاشتیانە و شارستانیانەش، بە مافێکی ڕەوا دەزانێت لە چوارچێوەی یاسادا، بەڵام هەوڵی تێکدان و وێرانکاری جیاوازە لە داوای ڕەوای خەڵک، بۆیە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەبێ لە گەڵ پاراستنی گیانی گشت هاووڵاتییان، بە خۆپێشاندەرانیشەوە، ڕێگە لە ئاژاوە و پشێوی نانەوە و پەنابردنە بەر تووندتیژی و تێکدانی شوێنە گشتی و تایبەتی و بارەگاکان بگرن و سەرپێچیکارانيش ڕووبەڕووی یاسا بکەنەوە.

ئەم دۆخە سەختە لە دەرەوەی خواست و ویستی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆیە داوا لە هاووڵاتییانی خۆشەویست دەکەم نەکەونە ژێر کاریگەریی هەوڵ و پەیامە تێکدەرەکان کە ئامانجیان ئاڵۆزکردن و تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستانە. هەروەها پێویستە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش، هاوکار و یارمەتیدەر بن لە پێناو تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە و پاراستنی ئارامیی و قەوارەی هەرێمی كوردستان، کە ئەرکی هەموومانە.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2020/12/7