سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان كۆبووەوە
ڤاتیکان (GOV.KRD) - رۆژی سێشەممە ٢٠٢٠/٢/١٨ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە گەڵ كاردینال پێترۆ پارۆلین سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لە بارەی رەوش و دوا پێشهاتەكانی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندی نێوان ڤاتیكان و هەرێمی كوردستان كرا.
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پوختەیەكی لە بارەی ئەزموونی هەرێمی كوردستان لە رووی پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی و هەوڵەكانی بۆ قوڵكردنەوەی كولتووری یەكترقبووڵكردن و ئاشتەوایی و تەبایی گەلان، پێشكەشكرد. باسی لەوەشكرد، كوردستان وەك هەرێمێكی ئارام لە ناوچەیەكی ئاڵۆز، بۆتە پەناگەی پاراستن و پەنادانی سەدان هەزار پەنابەر و ئاوارەی نێوخۆیی و دەورووبەر، لەنێویشیاندا كریستیانەكان، كە لە بەر رەوشی ئاڵۆز و هەڕەشەی تیرۆریستان، ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشتووە و هەموو مافە ئایینی و نەتەوەیی و خزمەتگوزاریی ژیارییان لە هەرێمی كوردستان بۆ دەستەبەركراوە.
سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ئاماژەی بە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم كرد، كە بە فراوانی كار بۆ باشتركردنی ژیان و گوزەرانی هاونیشتمانیان و گەشەپێدان بە سێكتەرە جیاوازەكان و سەقامگیری زیاتری ئاسایش و ئارامی لە ناوچەكەدا دەكات.
سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان، پشتگیری وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان دووپاتكردەوە و پەرۆشی خۆی بۆ توندوتۆڵكردنی پەیوەندی ڤاتیكان و هەرێمی كوردستان خستەڕوو.
سەرۆك وەزیرانی ڤاتیكان، رۆڵی گەلی كوردستانیشی لە شەڕی دژی تیرۆر و پاراستنی تەواوی پێكهاتەكانی كوردستان بەرز نرخاند و سڵاو و رێزی تایبەتیشی بۆ سەرۆك مەسعود بارزانی هەبوو. ستایشی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشی كرد لە بەرامبەر ئەو رۆڵە مرۆییەی لە پێكەوەژیانی ئاشتیانە و بایەخدان بە هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی ناوچەكە و هاوبەشییپێكردنی هەمووان، سەرەڕای جیاوازی بیروباوەڕ و ئایینییەوە، پەیڕەوەی دەكات و نموونەیەكی جوانی بەها بەرزەكانی مرۆڤایەتی پیشاندەدات.