Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ پاپای ڤاتیکان کۆدەبێتەوە

• مەسرور بارزانی: لەگەڵ قەداسەتی پاپا باسی گرنگی پێکەوەژیانی ئایینی لە هەرێمی کوردستان و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەکەین.

 

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - رۆژی یەکشەمە ٢٠٢٠/٢/١٦ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای تەواوبوونی کارەکانی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، بە سەرۆکایەتی شاندێکی حکومی، گەیشتە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا.

لە رۆما سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، لەگەڵ جیوزێپێ کۆنتێ، سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا و چەندین بەرپرسی باڵای دیکەی حکومەتی ئیتاڵیا کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ دەربارەی هەماهەنگییەکانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەکەن. هەروەها لە سەردانەکەدا شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتوون لە دانا عەبدولکەریم وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و ئانۆ جەوهەر وەزیری گواستنەوە و گەیاندن و پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئاینی و خالید شوانی وەزیری هەرێم، دەرفەتەکانی وەبەرهێنان بۆ کۆمپانیا ئیتاڵییەکان تاوتوێ دەکەن.

پاشان لە ڤاتیکان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، لەگەڵ قەداسەتی پاپا کۆدەبێتەوە و باسی پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە پێکەوەژیانی ئایینی و هاندانی گفتوگۆی نێوان ئایینەکان دەکات.

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی بۆ ئیتاڵیا و ڤاتیکان رایگەیاند: «لەگەڵ قەداسەتی پاپا باسی گرنگیی پێکەوە ژیانی ئایینی لە هەرێمی کوردستان و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەکەین. شانازی دەکەین کە هەرێمی کوردستان هەوڵی زۆریداوە بۆ بەرەپێشبردنی گفتوگۆی نێوان ئایینەکان و رەخساندنی کەشێکی ئارام بۆ پەیڕەوانی تەواوی ئایینەکان لە هەرێمی کوردستاندا.»