سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا دەکات
میونشن، ئەڵمانیا (GOV.KRD) - رۆژی شەممە ٢٠٢٠/٢/١٥ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا كرد کە پێکهاتبوون لە پەرلەمانتاران نیل شمید و کارستن شنایدەرو فیختز فەیگنترۆی لە پارتی سۆشیال دیموکراتی ئەڵمانیا.
لە کۆبوونەوەکەدا پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا ئاماژەیان بە رۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستان دا وەک فاکتەری سەقامگیریی لە عێراق و ناوچەکەدا . جەختیان لە گرنگیی بەردەوامبوونی هاوکاری و راهێنان بە تایبەتی بۆ هێزی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا کردەوە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی هاوکارییەکانی ئەڵمانیای بۆ هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی بۆ پێشمەرگە کرد و باسی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بە تایبەتی لە هەمەچەشنکردنی ئابووریی و سەرچاوەکانی داهات و گرنگیدانی زیاتر بە وەبەرهێنان بە پێی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان.