سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداری لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن دەکات
• مەسرور بارزانی : باس لە قوربانیدانەکانی پێشمەرگە قارەمانەکان لە شەڕی دژی تیرۆر و هەڕەشە بەردەوامەکانی داعش و تیرۆر دەکەین.
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – رۆژی پێنجشەممە ٢٠٢٠/٢/١٣ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی شاندێکی حکومی، بەرەو ئەڵمانیا بەڕێ دەکەوێت بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن.
بڕیارە لەو کۆنفرانسەدا کە رۆژانی ١٤-١٦ ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوی بە گەورە بەرپرسان و بڕیاربەدەستانی جیهانی بەشدار لە کۆنفرانسەکە بکەوێت و بارودۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لە گەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تاوتوێ بکات.
ماوەی چەند ساڵێکە مەسرور بارزانی یەکێکە لە بەشدارە سەرەکییەکانی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە ”لە پەراوێزی کۆنفرانسی میونشن چەندین دیدارمان لە گەڵ گەورە بەرپرسانی جیهان دەبێت و باس لە قوربانیدانەکانی پێشمەرگە قارەمانەکان لە شەڕی دژی تیرۆر و هەڕەشە بەردەوامەکانی داعش و تیرۆر دەکەین کە پێویستی بە هەماهەنگی زیاتری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشە و مەترسیانە.“