سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا کۆدەبێتەوە
رۆما، ئیتاڵیا (GOV.KRD) - رۆژی سێشەممە ٢٠٢٠/٢/١٨ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆما لەگەڵ جوزێپێ کۆنتێ سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ئیتاڵیا و هەرێمی کوردستان و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە کرا.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی ئیتالیای کرد بۆ پشتیوانیی بەهێزی لە شەڕی دژ بە داعش و راهێنان بە پێشمەرگە. سەرۆکی حکومەت هەروەها ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم کرد بۆ بەهێزکردنی ئەزموونی پێکەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیی لە هەرێمی کوردستان.
تیشکیشی خستە سەر کارنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەم و ئاسانکاریکردن بۆ پرۆسەی وەبەرهێنان و هیوای خواست وەبەرهێنانی ئیتالی لە کوردستاندا گەشە بسەنێت.
سەرۆک وەزیرانی ئیتاڵیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەردەومیدان بە هەماهەنگی و پشتگیریکردنی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەربڕی بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش. هەروەها جەختیشی لە دۆستایەتی ئیتاڵیا و بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە گەل هەرێمی کوردستان کردەوە بەتایبەتی لە بواری پەرەپێدانی وەبەرهێنانی ئیتاڵی لە هەرێمی کوردستان.