Skip to the content

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری بەرگری ئیتاڵیا کۆبووەوە

• ئیتاڵیا ستايشى رۆڵی مەسرور بارزانی دەکات لە کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکە.

• جەخت لە بەردەوامیی هاوکاریکردنی پێشمەرگە کرایەوە.

 

رۆما، ئیتاڵیا (GOV.KRD) - سەرۆکی حكومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممە ١٩ شوباتی ٢٠٢٠ لە رۆما لەگەڵ لۆرێنزۆ گویرینی وەزیری بەرگری ئیتاڵیا کۆبووەوە و تاوتوێی چەندین پرسی هاوبەشیان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیتاڵیا لە سەرجەم بوارەکان کرا و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکەش تاوتوێ کرا.

جەخت لە گرنگیی بەردەوامبوونی هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق کرایەوە، بەتایبەتی لە بواری مەشق و راهێنانکردن.

هەردوولا هاوڕابوون کە هێشتا داعش هەڕەشەیەکی جدییە بۆ سەر ئاسایشی عێراق، بۆیە پێویستە هەماهەنگی زیاتر بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و تیرۆر بەگشتی ھەبێت.

وەزیری بەرگری ئیتاڵیا رۆڵی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەرزنرخاند لە کەمکردنەوەی گرژیییەکان لە ناوچەکەدا.

سەرۆکی حكومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی ئیتاڵیای کرد بۆ پشتیوانی و هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە بواری سەربازی و شەڕی دژی تیرۆر و هیوای پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی خواست.