سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆدەبێتەوە
• وەزیری دەرەوەی رووسیا : رووسیا پشتیوانی لە مافەکانی گەلی کورد لە ناوچەکە دەکات
• سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان: داوا لە رووسیا دەکەین رۆڵی گرنگی خۆی لە سەقامگیربوونی دۆخی سووریا و رێزگرتن لە مافەکانی گشت پێکهاتەکان و لە نێویشیاندا گەلی کورد بگێڕێت.
میونشن، ئەڵمانیا (GOV.KRD) - رۆژی شەممە ٢٠٢٠/٢/١٥ مەسرور بازرانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری میونشن لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و گەشەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و رووسیا کرا.
وەزیری دەرەوەی روسیا ئاماژەی بەوەدا کە رووسیا پشتیوانی لە مافەکانی گەلی کورد لە ناوچەکە دەکات. گوتیشی دەمانەوێت دۆخی عێراق ئارام و سەقامگیر بێت و رێگە لە چالاکبوونەوەی تیرۆریستانی داعش بگیرێت.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگی هێوربوونی دۆخی ناوچەکە بە تایبەتی سوریا کردەوە و داواشی لە رووسیا کرد رۆڵی گرنگی خۆی لە سەقامگیربوونی دۆخی سووریا و رێزگرتن لە مافەکانی گشت پێکهاتەکان و لە نێویشیاندا گەلی کورد بگێڕێت.