سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق دەکات
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
• ئێمە پشتیوانی لە حکومەتێک دەکەین کە پابەند بێت بە جێبەجێکردنی دەستوور
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - رۆژی پێنجشەممە ٢٠٢٠/٢/٦ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە برۆنۆ ئوبێرت باڵیۆزی فەرەنسا لە عێراق کرد.
لەدیدارەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا کرا.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگیی هێوربوونەوە و سەقامگیربوونی دۆخی ئێستای عێراق کرد و ئاماژەی بەوەدا کە ئێمە پشتیوانی لەحکومەتێک دەکەین کە پابەند بێت بە جێبەجێکردنی دەستوور و ئەو لەیەکتێگەیشتنانەی لە گەڵ حکومەتی فیدرالی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هاتووەتە ئارا.
باڵیۆزی فەرەنسا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ عیراق و هەرێمی کوردستان دەربڕی، بەتایبەتی گرنگیی پشتیوانیکردنی سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و هەڕەشەکانی داعش.