سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی نەرویجی دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - رۆژی پێنجشەممە ٢٠٢٠/٢/٦ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە شاندێکی حکومەتی نەرویجی بە سەرۆکایەتی نوت لەین نێردەی تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی نەرویج بۆ کاروباری عێراق و سوریا کرد.
لە دیدارەکەدا، دوا گۆڕانکارییەکانی عێراق و سوریا و پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و نەرویج تاوتوێ کرا.
نێردەی وەزارەتی دەرەوەی نەرویج ستایشی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ رۆڵی بنیاتنەرانەی لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە و هێورکردنەوەی دۆخەکە. ئامادەیی وڵاتەکەشی دەربڕی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە تایبەتی لە رووی ئابووریی و بەردەوامبوونی هاوکاریی مرۆیی نەرویج بۆ پەنابەر و ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی حکومەتی نەرویجی کرد بۆ رۆڵیان لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕوویوونەوەی داعش کە ئێستا لە چەند ناوچەیەکی عێراق بوونەتە هەڕەشەیەکی جیددی بۆ سەر هاووڵاتیان.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەشدا کە جگە لە هاوکاری و هەماهەنگی سەربازی، پێویستە هەوڵی نەهێشتنی ئەو فاکتەرانەش بدرێن کە یارمەتیدەرن بۆ گەشەسەندنی تیرۆر.