سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری دەرەوە و بەرگری بەلجیکا دەکات
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) - رۆژی دووشەممە ٢٠٢٠/٢/٣ مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای بەلجیکا كرد بە سەرۆکایەتی فیلیپ گۆفین وەزیری دەرەوە و بەرگریی بەلجیکا كرد.
لە دیدارێکدا، دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و بەلجیکا تاوتوی کران. جەخت لە بەردەوامی پشتیوانیکردن لە عێراق و هەرێمی کوردستان کرایەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر.
وەزیری دەرەوە و بەرگریی بەلجیکا سوپاسی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ میوانداریکردنی ئاوارە و پەنابەران و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان بەتایبەتی لە بواری بازرگانیدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەربڕی.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی حکومەتی بەلجیکای کرد بۆ پشتیوانیکردن و رۆڵیان لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی شەڕ لە دژی داعش کە هێشتاش مایەی هەڕەشەن بۆ سەر دانیشتووانی چەند ناوچەیەکی عیراق.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بەتایبەتی لە هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و پێشکەشکردنی ئاسانکاری زیاتر بۆ پرۆسەی وەبەرهێنان.